ئامارەکان دەریدەخەن کە رەوشی ئافرەتان لە کوردستان باش نییە و هێشتا تووندوتیژی بوونی هه‌یه‌

پرسی ئافرەتان
26/11/2021


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ئافرەتاندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە هەژماری خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: "هه‌موو جۆره‌ تووندوتيژى و گێچه‌ڵ و پێشێلكارييه‌ك له‌ هه‌ر كات و شوێن و له‌ هه‌ر ئاستێكدا بێت به‌رامبه‌ر به‌ئافرەتان ره‌تده‌كه‌ينه‌وه و دژى ده‌وه‌ستينه‌وە.

‎سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: "وه‌ك هه‌ميشه‌ پابه‌ندين به‌ پشتيوانيكردن و پاراستنى مافه‌كانى ئافره‌تان".

٢٥ی نۆڤەمبەر بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دانراوە و سالانە لە دەستپێکی ئەمرۆژەوە ١٦ ڕۆژ دادەنرێت بە هەڵمەتی وەستانەوە دژی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لە سەرانسەری جیهاندا و سەرجەم حکوومەت و رێکخراوەکان هەولەکانیان چردەکەنەوە.

‎لە کوردستانیش ساڵانە چەندین کۆڕ و سەمینار بەم بۆنەیەوە رێکدەخرێن، یەکێتی ئافرەتانی کوردستانیش کە لەساڵی ١٩٥٢ەوە دامەزراوە دەستێکی بالای هەبووە لە بلاوکردنەوەی هۆشداری و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردیدا. بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە رەوشی ئافرەتان لە کوردستان باش نییە و هێشتا تووندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.

‎بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، ئاماری سەرجەم جۆرەکانی توندوتیژی دژی ئافرەتان (کوشتن، خۆکوشتن، خۆسووتاندن، سکاڵا و دەستدرێژی سێکسی)  لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەراورد بە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو زیادیانکردووە، بۆ نموونە؛

‎لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا 6 ئافرەت کوژراون، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 3 ئافرەت کوژرابوون و 16 ئافرەت خۆیان کوشتووە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا  13 ئافرەت خۆیان کوشتووە.
 لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا  43 ئافرەت خۆیان سووتاندووە، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 26 ئافرەت خۆیان سووتاندووە.
 لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا  6123 سکاڵا تۆمارکراون، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 3769 سکاڵا تۆمارکراون.
 لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا  60 ئافرەت دەستدرێژیان کراوەتەسەر، بەڵام لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوودا 35 ئافرەت دەستدرێژیان کراوەتەسەر.
دکتۆرە نەزاکەت کە مامۆستای زانکۆیە و چالاکوانی بواری ئافرەتانە هۆکارەکانی دەگەڕێنێتەوە بۆ دوو بەش کە بەشێکیان هۆشداربوونەوەی ئافرەتانەو لەکاتی داواکردنی مافەکانیان دوچاوی توندوتیژی دەبنەوە ،بەشێکیشی ناهۆشیاری پیاوەکانی کۆمەڵگەمانە کە ئافرەتەکانیان داوای مافی خۆیان دەکەن بەهۆی نارۆشنبیری و نەبوونی کۆر و سیمینار و هۆشیارنەکردنەوەیان لەلایەن کۆمەڵگەی مەدەنیەوە قبولی ناکەن و لە ئەنجامدا توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.

بێریڤان حمید قادر- سلێمانی

Designed and developed by AVESTA GROUP