بەیاننامەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ٦٩ ساڵەی دامەزراندنیدا:
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان شەست و نۆ ساڵە، سەرقافڵەی
خەباتی بزووتنەوەی ئافرەتانی کوردستانە لە پێناو ئازادی و یەکسانی و چەسپاندنی
دادپەروەری کۆمەڵایەتی. دەستپێکی خەباتی یهكێتی ئافرهتانی كوردستان وهك
رێكخراوێكی تایبهتمهند به پرسی ئافرهتان و گرنگیدان به ڕهههنده كۆمهڵایهتییهكانی
كۆمهڵگهی كوردی، له ساتەوەختێکدا بوو كه لهسهر ئاستی جیهان بزووتنەوەی
فیمینیزم لە بڵاوەبوون و گەشەسەندنی بەردەوام بوو. زانایی و حیکمەت و دووربینی
باوکی ڕوحی نەتەوەی کورد بۆ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لەو ساتەوەختە
مێژووییەدا، هەروەها بنەماکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزان، هەبوونی ڕێکخراوێک بۆ لە
خۆگرتن و ڕێکخستنی وزە و توانای ئافرەتان و ئاراستەکردنیان وەک زەرورەتێکی قۆناغ و
مێژوو، پێویست دەکرد. بۆیە لەسەر ڕاسپاردەی باوکی ڕوحیمان یەکێتی ئافرەتان لە
ساڵی ١٩٥٢ز جاڕی دامەزراندنی درا.
یهكێتی ئافرهتانی کوردستان بە درێژایی مێژووە پڕ
سەروەرییەکەی قوتابخانەیەک بووه بۆ پێگهیاندن و پهروهردهكردنی ههزاران ئافرهتی
كوردستان لهسهر بیروهزری نیشتمانپهروهری و پاراستنی بهها باڵاو
مرۆڤدۆستییەکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزان له لایەک و لە لایەکی تریشەوە وەک هێزێکی
بزوێنەر و کارا، بەشدارێکی فیعلی شۆڕشە یەک لە دوا یەکەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی
کوردستان بووە و لەم ڕێگەیەدا خاوەنی چەندین شەهیدە . لە هەمانکات بۆ وشیارکردن و
بەئاگاهێنانی خودی ئافرەت و کۆمەڵگە سەبارەت شوناسی ئافرەت وەک مرۆڤ بە ئامراز و
میکانیزمی جۆراوجۆر بەرەنگاری نۆرمە کەلتوری وکۆمەڵایەتییە ناڕاست و هەڵەکان بووە
و لەم ئاراستەیەشدا لە شانازی دەستکەوتە هەنووییەکانی ئافرەت پشکی شێری بە بەر
دەکەوێت. یەکێتییەکەمان بە ورە و هێزەوە، بەردەوامە لە تێکۆشانی بۆ ئازادی و
سەربەخۆیی خاک؛ هەروەها دەستەبەرکردنی ئازادی و چەسپاندنی یەکسانی جێندەری لە ناو
کۆمەڵگەکەیدا.
دووپاتی دەکەینەوە کە وەک ھەمیشە بەردەوام دەبین لە
نوێنەرایەتی کردنی ڕاستەقینەی دەنگ، داوا و خواستەکانی ئافرەتانی کوردستان بێ
هەڵاواردن و جیاوازی نەتەوە، ئایین وئایدیای سیاسی لە بەرامبەر کۆمەڵگە و دەسەڵات.
مەزاختنی هەموو توانا و شیانمان بۆ پێگەیاندنی هزری، مەعریفی و پیشەیی ئافرەتان،
هەروەها بەهێزکردنی پێگه و فراوانکردنی پانتایی بەشداری کارا و کاریگەریان لهناو
سێكتهره جیاوازهكاندا دەبێت. لە هەمانکات پاراستنی خێزان و ڕاگرتنی هاوسەنگی
بەها و پەیوەندی تاکەکانی وەک ئەرک و ماف لە ژینگەیەکی پڕلە خۆشەویستی و ئارام و
گونجاو بۆ پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو لە سەرەوەی کارنامەکەمان جێ دەگرێت.
نیشتمانپارێزی و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان وپشتگیری وبەشداری لەهەوڵەکانی
سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت بۆ سەروەری یاسا و چاکسازی و زامنکردنی پێگەکانی
حوکمرانی باشتر لایەنێکی تری خەباتی ڕێکخراوەییمان دەبێت.
سڵاو بۆ روحی ئەو ئافرەتە تێکۆشەرانەی ڕۆڵیان لەدامەزراندن
و پێشخستنی ئەم رێکخراوەدا ههبووه، پیرۆزبێت ئەم یادە لە سەرجەم ئافرەتانی
ئازیزی کوردستان بەتایبەتی ئەندامانی خۆشەویستی یەکێتیەکەمان کە بڕوا و
ماندوونەبوونی ئەوان خهباتی رێکخراوەییمانی بەم وێستگهیه گەیاندووە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
١٠ی ١٢ی ٢٠٢١