خەتەنەکردن ئەو مۆتەکە و مەترسییەی بەرۆکی ئافرەتان بەر نادات و بووە بە کەم ئەندامکردنی ڕەگەزی مێینە

پرسی ئافرەتان
08/02/2022

      خەتەنەکردنی مێینە دیاردەیەکی بەربڵاوی مەترسیدارە کە لە زۆربەی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و هەندێک لە کۆمەڵگای ئەفریقیەکان و ئاسیاییەکاندا بوونی هەیە.
(خەتەنەکردنی مێینە- Female genital mutilation ) بریتییە لە بڕینی بەشێک لە کۆئەندامی زاوزێ ڕەگەزی مێینە کە بە شوێنێکی زۆر هەستیار و تایبەتی ئافرەتان دادەنرێت، کە بە بڕینی ئەم بەشە هەستیارەی ئەندامی زاوزێیی مێینە لێکەوتەی خراپی دەبێت لە ڕووی تەندروستیی و کۆمەڵایەتییەوە  ،هەروەها بە کرداری کەم ئەندام کردنی ئافرتان دادەنرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی یوونیسێف، لەهەندێک شوێن کچان لەرۆژانی بەر لە شووکردن، یان لەکاتێکدا کەبە یەکەم منداڵیان دووگیان دەبن، یانیش یەکسەر دوای یەکەم منداڵبوون خەتەنە دەکرێن.
ئەو کەرستانەی بۆ خەتەنەکردن و بڕینی ئەندامی زاوزێی مێینە بەبێ سڕ کردن بەکارهێنراون بریتی بوون لە (چەقۆ - و گوێزان(مووس)- مقەست - یان پارچە شووشەیەک - تەنانەت نینۆکی تیژ و هەروەها نینۆک بڕیش )بەکارهێندراوە. کەئەمانەش کەرەستەی زۆر سادە و مەترسیدارن و زۆر ترسناکن کە لە ڕابردوودا بەم هۆیەوە ژمارەیەکی زۆری گیان لەدەستدانی لێکەوتووەتەوە بە هۆی ئەوەی کەسەکە تووشی خوێنبەربوونی زۆر و ئیلتهابات دەبوو.
- هیرۆدۆست مێژوونوسى ناسراوى ئیغریقى دەڵێت: ئەوانەى خەتەنەیان ئەنجامداوە لەسەرەتای چاخە کۆنەکان بریتین لە: میسریەکان، ئاشوریەکان، کوسیدیون، حەبەشیەکان ،و گەلانى تر بەزۆرى لە میسریەکانەوە فێربوون.
- شێخ مەحمود شەلتوت شێخى پێشووى ئەزهەر باسی لێوەکردووە و ووتیەتی: "کردارى خەتەنە کردن، کردارێکى کۆنە، هەر لەسەرەتایی مێژووى سەرهەڵدانى مرۆڤایەتیەوە بووە و بەردەوام بووە تا هاتنى ئاینى ئیسلامیش .
واتە لەپێش هاتنی ئیسلام و لە دوای هاتنی ئیسلامیش لە نێو عەرەبەکاندا  بوونی هەبووە و کراوە.
سەبارەت بەم بابەتە و سەرهەڵدانی خەتەنەکردن لە ناو کوردا هاوڵاتییه‌ك لە ڕەگەزی نێر کە تەمەنی ٦٨ ساڵە و کە نەی ویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆمان دواو دەڵێت:
کاتی خۆی دەگێڕنەوە و دەڵێن لە ناو نەتەوەی عەرەبدا ئەم کلتوورە دروست بوو ،بە هۆی جیهاد و شەڕە وە پیاوان دەچوون بۆ شەڕ ئافرەتەکان بە تەنها دەمانەوە بە حوکمی کەش و هەوای ناوچە عەرەبیەکان کە پلەی گەرما تێیدا بەرز بوو پێیانوابوو کە ئافرەتان و کچان باش گەشە دەکەن و حەزی سێکسیان زۆر دەبێت و ڕێژەی پیاوانیش کەم بوو لەوکاتەدا، بۆیە بیریان لەوە کردەوە کە چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخە ببینەوە ،بۆیە پێان باش بوو کە دەبێت بەشێک لە حەزی سێکسی ئافرەتان کەم بکەنەوە و بۆیە بڕیاریاندا کە کچەکان هەرکە لە دایك دەبن دوای  تەمەنی (١ یەک ساڵی تاکو تەمەنی ٣ساڵی ) دەبێت کچ ئەو بەشەی تایبەت و هەستیارە بە حەزی سێکسی ببڕدێت.کە هەندێ کات بیانزانیبایە کچ خەتەنە نەکراوە لە تەمەنی ١٢ بۆ ١٣ ساڵیش بوایە هەر خەتەنەیان دەکرد ،هەندێکجار بەهۆی خوێن لێهاتنێکی زۆر و ئازارێکی زۆر ئەم کچە گیانی لە دەست دەدا و بوو بە دابونەریتێکى تەواو لە نێویاندا.
کوردیش بە هۆی دینی ئیسلامەوە کە لە ناو عەرەبەوە هاتووە و بۆ کورد گوازرایەوە وایان زانی کە ئەم دیاردەی خەتەنەکردنە (سوونەتکرنە) لە دیندا هاتووە و دەبێ بکرێت ، کە بەڕاستی بەم هۆیەوە ئافرەتانمان کچەکانمان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە لە هەموو ڕوویەکەوە ،بەهۆی نەبوونی ڕۆشنبیری و نەبوونی هیچ سانسۆرێک بەم جۆرە بەردەوام بوو ،وە بوو بە کلتورێکی سەقەت و لەناو کۆمەڵگه‌ کەوتنە گیان و جەستەی کچان بە داخەوە.
بەڵام دەتوانین بڵێن بەهۆی ڕۆشنبیری و پێشکەوتنەوە ئێستا خەڵکی ئەم کارە ناکەن و ئەو کەسانەشی هەڵدەستان بە ئەنجامدانی ئەو کارە ناشیرنە ئەوانیش خۆیان لێ بە دوور گرتووە و نایکەن.
لێکەوتەکانی خەتەنە کردنی ڕەگەزی مێینە چین ؟ ئەو زیانانە چین کاتێک کە بەهۆی خەتەنە کردنەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە ؟
١ - بەهۆی ئەوەی بە تەمەنێکی بچووکەوە ئەم کارە دەکرێت هەندێ جار راستەوخۆ خوێن بەربوون ڕوودەدات ، ئەگەر خوێن بەربوونەکەی بەزووی رانەگیرێت دەبێتە هۆی گیان لە دەستدان، هەندێکجار ئەو ئازارە زۆرەی لە ئەنجامی ئەو بڕینە بۆی دروستدەبێت، دەبێتە هۆی خێرابوونی لێدانی دڵ و بورانەوەی یان مردنی .
٢- هەوکردنی کۆئەندامی زاوزێ و دروستبوونی بەکتریا، زیانی گەورەی بۆ ناوەوەی لەشی دەبێت بەتایبەتی لە داهاتوودا لە کاتی سوڕی مانگانە، ئازارێکی زۆر دروست دەکات و ئەندامی زاوزێی زۆر هەو دەکات و توشی ئیلتیهابات دەبێت هەندێک جار کێشە بۆ کاتی میزکردنێش دروست دەکات، چونکە رەنگە ئازاری هەبێت، یان بە زەحمەت بتوانێت میز بکات .
٣-  بەپێی لێکۆلینەوەکانی زانستی پزیشکی ئەو ئافرەتانەی خەتەنەکراون ، بێ بەری دەکرێن لەو چێژە   جنسیەی کە مافێکی سەرەکیی ڕەگەزی نێر و میێە، بەڵام ئافرەتان دەبنە قوربانیی ئەو نەریتە، چونکە ئەو بەشە دەبڕدرێت کە پەیوەندی بە حەزی سێکسیەوە هەیە بەمەش لایەنی سێکسی لاوازدەکات، تەنانەت زیان بە پەیوەندی هاوسەرگیری دەگەیەنێت،هەروەها لەکاتی سەرجێیدا توشی ئازارێکی زۆردەبنەوە و لە کاتی منداڵبوونیشدا توشی ئیلتیهابی زۆر دەبن و ئەگەری توشبوونیشیان بە نەزۆکیی لە ئارادایە .
٤- بەپێی ئەو توێژینەوانەی کە لەم بوارەدا کراون ،ئەو کچانەی خەتەنە دەکرێن، زۆرتر تووشی دڵەڕاوکێ دەبن لەرووی دەروونییەوە، لە کاتی خەویشدا ئارەقێک زۆر دەکەنەوە و بە ئاگا دێن .
بە گوێرەی ئامارەکان لە هەرێمی کوردستان ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە ئافرەتان خەتەنە کراون لە دەڤەری ڕاپەڕینیش بە پێی ئەو ئامارەی وەرمان گرتووە لە کۆی( ١٠٠ ئافرەت ٩٨ ئافرەت) خەتەنە کراون کە تەمەنیان لە نێوان (١٨ تاکو ٣٥ ساڵیدا)بوون ،بەڵام تاڕادەیەک لە ئێستادا ڕێژەکە لەم چەند ساڵەی دوایدا ڕووی لە کەم بوونەوە کردووە .

     نەرمین باسی خەتەنەکردنی خۆی دەکات کاتێک لە لایەن ئافرەتێکی بە تەمەن خەتەنەکراوە:
نەرمین  تەمەنی ٢٨ ساڵە و یەکێکە لەو  ئافرەتانەی، کە لە تەمەنی (٥ ساڵییدا )بووە کە خەتەنە کراوە، نەرمین دەیگێڕێتەوە و دەڵیت : بیرم دێت ڕۆژێکیان نەنکم بە دایکمی ووت با نەرمین ببەین بۆ لای پور فاتم  ماڵی پورفاتم لە گەڕەکی خۆمان بوو ،نەنکم ودایکم  بردیانم بۆ لای ئەو ئافرەتە بە تەمەنە کە گەیشتینە ماڵیان منیان بردە ژوورێک و بە سێ ئافرەت توند منیان گرت و جلەکانیان لە بەرمدا داکەند ،مندالێکی بێتوانا بووم زانیم دەیانەوێت شتێکم لێبکەن ،من زۆر ترسام و قیژاندم و دەگریام نەم دەهێشت نزیکم ببنەوە بەڵام ژنە بە تەمەنەکە( مووسێکی تیژی )لە گیرفانی کەواکەی بەری دەرهێناو لێم نزیک بۆوە دوای قیژاندن و هاوارێکی زۆر هێزی ڕووبەڕووبوونەوەم نەما ،بۆیە بەبێ سڕکردن بەشێکی گرنگ و هەستیاری پڕ لە ئازاریان بڕی خوێنێکی زۆر لە جەستەم هات و دەستی ئافرەتە بە تەمەنەکە سوور بوو بە خوێنی جەستەی بێ نازی من ،هەتاکو  ماوەیەکی زۆر من بەو ئازارەوە دەم ناڵاند ، تەنانەت نەم دەتوانی میز بکەم هەر جارێک میزم دەکرد ئازارێکی زۆرم دەبوو هەر وەک ئەوکاتەی کە ئە پارچە گۆشتەیان بڕی بە بێ سڕ کردن.
ئێستا زیاتر ئازار دەچێژم چونکە کێشەی میزکردنم بۆ دروست بووە و هەست دەکەم حەزی سێکسیم زۆر کەمە و ناتوانم چێژ لە هاوسەرەکەم ببینم بە بەردەوامی کێشەمان لەگەڵ هاوسەرەکەم ئەوەیە ناتوانم حەزی جنسی پیاوەکەم پڕبکەمەوە ،داوا لە هەموو دایکان دەکەم بە هیچ جۆرێک نەکەن کچەکانیان کەم ئەندام بکەن  .
هاوشێوەی نەرمینەکان زۆرن لە کۆمەڵگا بەڵام بە هۆی ئەو ڕۆشنبری و پێشکەوتنی کۆمەڵگا لە ئێستادا کەم بۆتەوە بەڵام پێویستە بە هەموو جۆرێک بنبڕبکرێت هەر کەسێک هەستێ بە ئەنجامدانی ئەم کارە ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە بە توندترین شێوە ،ڕی لەم پێشێلکاریە بگیرێت.




سەبارەت بە یاسا و بەرەنگار بوونەوەی ئەم جۆرە توندوتیژیە خەتەنەکردنی کە دەرهەق بە ئافرەتان دەکرێت  پارێزەر  ( تاڤان حکیم کریم ) بۆمان دواو دەڵێت :
بەگوێرەی یاسای یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، خەتەنەکردن قەدەغەکراوە، بەندەکانی یاساکە بەم جۆرەیە:
١- هەر کەسێک هەوڵی ئەنجامدانی خەتەنەکردنی مێیینەیدا بە غەرامەیەک سزا دەدرێت، کە لە یەک ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
٢- هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ئەنجامدا یان بەشداریی تێداکرد، ئەوا سزای بەندکردنی بۆ ماوەیەک دەیگرێتەوە، کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت، هەروەها غەرامەکەشی لە دوو ملیۆن کەمتر نەبێت و  لە پێنج ملیۆنیش زیاتر نەبێت و دەبێت بە یەکێک لەو دەقانە سزا بدرێن.
٣- هەر کەسێک کردەوەی خەتەنەکردنی مێینەی ناکامی ئەنجامدا یان بەشداریی تێدا کرد ئەوا سزای بەندکردنی لە ساڵێک کەمتر نەبێت و غەرامەشی لە پێنج ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە ١٠ ملیۆن زیاتر نەبێت.
٤- باری تاوانکارەکە توندتر دەبێت ئەگەر بکەرەکە پزیشک، دەرمانساز، مامان یان یاریدەدەرەکانیان بوو، لەسەر دادگایە فەرمان بدات کارەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ قەدەغە بکات.
 هەرچەندە ئەم یاسایە تا ڕادەیەک کاری خۆی کردوە بەڵام بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نە توانراوە بە یەکجاری بنبڕ بکرێت و نەمێنێت .

ئــــــــامادەکردنی ڕاپـــــۆرت
ڕێــــــژین قــــاسم مـــحــمود



Designed and developed by AVESTA GROUP