كوشتنی ئافره‌ت به‌بیانووی شه‌ره‌ف، كلتورێكی نه‌فره‌ت لێكراوه‌

پرسی ئافرەتان
25/04/2022


دەبینین و دەبیستین ڕۆژانە بە بیانووی پاکردنەوەی شەرەف، ڕەگەزی نێر هەڵدەستن بە لێسەندنەوەی ژیان لە ئافرەتێک کە بە شەرەفی خۆیان دەزانن، لە ئێستادا دیاردەی کوشتنی ئافرەتان زیادی کردووە ئەمەش لە دابونەریتێكی چه‌وته‌وه‌ سەرچاوەی گرتووە. بە بیانووی تاوانی ئەخلاق و شەرەف، ئەم تاوانە قێزەونە دەبێت بە مانشێتی بەردەوامی هەواڵەکانی ڕۆژانە لە كۆمەڵگه‌ دواكەوتووەكاندا کە تێیدا قوربانی یەکەم ئافرەتە و ئافرەتەکە بە ژیان باجەكەی دەدات .

مامۆستا ڕێبین کاکە مەم باوزی توێژەری کۆمەڵایەتی سه‌باره‌ت به‌م دیارده‌ ده‌ڵێت: هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بیری چەق بەستووی تاک و دووربوون لە بیرو هزری شەپۆلی جیهانبینی و نەگەیشتنی تاک بە شەپۆلی گەشەسەندن و ڕۆشنبیری، واتە لەو چەمکە تێنەگەیشتوون کە پێویستە ئافرەتانیش وەک پیاوان مافی ژیان و ئازادی و خۆشەویستی وهەڵبژاردنی هاوسەرێک بۆ خۆیان هەیە ،کە هەڵبژاردەی خودی خۆیان بێت جا لە هەر نەتەوە و ئاین و مەزهەبێک بێت.

كوشتن  بۆ پاککردنەوەی شەرەفی خێزانه‌ ؟ مامۆستا رێبین بۆچونی وایه‌ كه‌ کاتێک ئافرەتەکە هەمان مافی پیاو بۆ خۆی بە ڕەوا دەبینێت و دەیەوێت ئازاد بێت لە بڕیاردان و ژیان و هەڵبژاردەکانی ئەوا کەسی نزیک و کەسوکاری ئافرەتەکە  ئه‌وه‌ بە ڕووشاندنی شەرەفی خۆیان دەزانن و بە لادان لە کلتوورو بەهاکان سەیری دەکەن، و بەداخەوە ژیان لە ئافرەتەکە دەستێنەوە، چونکە پیاوان لە کۆمەڵگه‌ی دواکەوتوو پیاوسالارییەکان شەرەفی ئافرەت بە هی خۆیان دەزانن و لە ڕوودانی قەزیەیەکیشدا بەبێئەوەی تێگەیشتنیان هەبێت بۆ بابەتەکە کوشتنی ئافرەتەکە بە ئەرکی خۆیان دەزانن و دەڵێن شەرەفمان پاک دەکەینەوە کە ئەمە لە هیچ یاسایەک ڕێگە پێدراو نیە.

 سه‌باره‌ت به‌ ئاماری ژنکوژی یاخود خۆکوشتنی ئافرەتان له‌ لە دەڤەری ڕاپەڕین ده‌ڵێت: بێگومان ئەو تاوانانەی کە ئەنجام دەدرێن بە تەنها لە دەڤەری ڕاپەڕین نین، بەڵکو ئەم دیاردە ترسناکە هەموو شاروشارۆچکەکانی کوردستانی گرتۆتەوە و ئامارەکان ترسناکن لەم بارەوە ،کوشتنی ئافرەتان بە بیانووی جۆراوجۆر زیاد بووە، بۆیە دەبێت لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت و دەزگا ئەمنیەکان و ڕێکخراو بەڕێوەبەرایەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان هەوڵی جدی و کاراتر بدەن بۆ بەر پێگرتنی و ڕاگرتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و کوشتینیان و زەوتکردنی مافەکانیان ،چونکە ئامارەکان ساڵ دوای ساڵ ڕوو لە زیاد بوون دەکەن.

مامۆستا جوان فەرحان چالاکوان لە ڕێکخراوی PDO له‌رووی ئه‌وه‌ی كه‌ تاچەند کۆمەڵگه‌و دابونەریت هۆکار و هاندەرن بۆ کوشتنی ئافرەت بە بیانووی شەرەف  دەڵێت: دەتوانین بڵێن ئەگەر تا ساڵەکانی ٩٠ی سەدەی ڕابردوودا دابونەریت و کلتوری خێڵه‌كی ڕۆڵیان هەبووبێت لە کۆمەڵگه‌ و دروستبوونی ئەم دیاردەیە، لە ئێستادا حکومەت ده‌یتوانی هەنگاوی باش و تۆکمە تربنێ بۆ ڕێگریکردن، هەروەها بنیادنانی کۆمەڵگایەک بێ جیاکاری ڕەگەزی و دووربوون لە ڕەفتاری توندوتیژی و لەسەر بنەمای یەکسانی جێندەری بهێنێتە ئاراوە. له‌رووی چاره‌سه‌ركردنه‌وه‌ مامۆستا جوان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ بەرقەراربوونی سیستەمی دادوەری و سەروەری یاسا لە پاراستینی مافی ئافرەت بە خاڵێکی گرنگ دادەنرێت ،بۆ بەرپێگرتنی دیاردەی کوشتنی ئافرەت و رێگری کردن لە کردەی توندوتیژی، بەرپەچدانەوە و ڕێگریکردن لەو تاوانانەی کە ڕوودەدەن و ئەو نادادپەروەریەی دەرهەق بە ئافرەتان دەکرێت.

سەبارە بە ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا لە هاندان بۆ کوشتنی ئافرەت بە هەربیانوێک بێت و ئەوچەمک و دەستەواژانەی کە بەکاردەهێنرێن لە ڕووداوێکی ژنکوژی تا چەند کاریگەر بووە ؟ مامۆستا نیگار حمد علی چالاکوانی بواری مەدەنی، دەڵێت :
بەر لە هەمووشتێک کاتێک هەواڵێکی دڵتەزێنی ژنکوژی بڵاودەبێتەوە تا چەند ئەقڵیەتی کەسی خوێنەری هەواڵەکە، هزری تەقەبولی ئەوە دەکات هەواڵەکە بخوێنێتەوە لە ڕووی وێژدانیەوە ،تا چەند وەکو خۆی وەری دەگرێت وە چۆن ژیرانە بیری لێدەکاتەوە و بۆ ژیانی ڕۆژانەی خۆی پەندی لێوەر دەگرێت کە کارێکی لەم جۆرە و هەمان تاوان دووبارە نەکاتەوە .بەداخەوە سۆشیاڵ میدیا هەمیشە زیاد لە پێویست بابەتەکان گەورە دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە زیاد لە ئەندازەی خۆی هەواڵە ده‌گوازێته‌وه‌ دەکات و هەموو چین و توێژێک و هەموو تەمەنێک ئەم هەواڵە دەبینن کە کاریگەری نێگەتیڤ بەجێ دەهێڵیت لەسەر هزری تاکەکان .
 بەکار‌هێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە ڕێگەی گوفتار و چەمکی توندوتیژانە هانی کەسە نزیکەکانی قوربانیەکە دەدەن بۆ ئەوەی ئافرەتێک بکوژن .دەتوانین بڵێن بە تەنها سۆشیاڵ میدیا نا، بەڵکو هەموو ئەوانەی لە پشتی سۆشیاڵ میدیا ئەوانەی کە بۆ یەک ووشەش هاندەرن و دەستیان هەیە بۆ ژنکوژی یان بۆ خۆکوشتن یان بۆ توندوتیژی تاوانبارن پێویستی بە هەڵوه‌ستە لەسەرکردنە، پیویستە ئەم جۆرە کەسانە و ئەم پەیج و شوێنانەی هاندەرن بە پێی هەموو یاسا و دەستوورێک دەبێت بگەن بەسزای یاسایی خۆیان .



ئامادەکردنی
ڕێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP