ئایا راستە ئەگەر( ژن و مێرد) ھەرکامیان دەست پێشخەربوون بۆ جیابوونەوە مافی شەرعى و ياساييەکانی دەفەوتێت لە دادگا ؟

پرسی ئافرەتان
30/05/2022

 ئەم پرسیارە یەکێکە لەو پرسیارانەی کە ئێمەی پارێزەران و یاساناسان زۆرترین کات ڕووبەڕوومان دەبێتەوە لێمان دەپرسن، وە لەناو خەڵکدا بەگشتی وابڵاوە کە هەرکاتێک ژن یاخود پیاو دەست پێشخەربێت بۆ تۆمارکردنی داوا و داوای جیابونەوە بکات ئەوا یاساو دادگا مافەکانی ناپارێزێت.
سەرەتای دروستبوونی هەر خێزانێک بریتییە لە گرێبەستی هاوسەرێتی کە یەکێکە لەو گرێبەستانەی کە لە شه‌ریعەتی ئیسلامدا دانی پێدانراوە، هەروەها لە یاساشدا رێکخراوە وەکو یاسای( باری کەسێتی) کەلەمادەی (3) دا پێناسەی هاوسەرگیری کردووە وە مەبەست و ئامانجی هاوسەرگیریشی روون کردوەتەوە.
لەناو هاوسەرەکاندا کێشەو گرفتی ئەوتۆ روودەدات کە ژیانی هاوسەرێتی مەحاڵ دەکات و خێزان دەخاتە بەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوە، بەداخەوە بەپێی یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە(188) ی ساڵی (1959) بەشێوەیەکی گشتی سێ رێگای یاسای هەیە کە کۆتایی دەهێنێت بە گرێبەستی هاوسەرێتی.
جیابونەوەی هاوسەرێتی بە بریاری دادگا کەپێی دەوتری (التفريق القضائي) سەرەتا بەپێی مادەی 40 هەردوو هاوسەر بۆیان هەیە داوای جیابونەوە بکەن لەدادگا لەم بارانەی خوارەوەدا:
ئەگەر یەکێک لە هاوسەرەکان زیانی گەیاند بە بەرامبەرەکەی بەجۆرێک نەتوانرێت بەردەوامی بدرێت بە ژیانی هاوسەرێتی.
ئەگەر یەکێک لە هاوسەرەکان خیانەتی زەوجی کرد لە بەرامبەرەکەی یان مێرد کاری سەرجێی ناشەرعی بکات لەگەڵ هاوسەری.
 ئەگەر عقدی زواج ئەنجامدرا و یەکێک لە هاوسەرەکان ١٨ساڵی تەواو نەکردبوو رەزامەندی دادوەریشی لەسەر نەبوبێت.
 ئەگەرزەواجەکە لەدەرەوەی دادگا ئەنجامدرا لەرێگەی زۆرلێکردن و گواستنەوە رووی دابوو.
 ئەگەر مێرد هاوسەرگیری دووەمی ئەنجام دا بەشێوەی نایاسایی
 پاشان بەپێی مادەی 43 تەنها ژن بۆی هەیە داوای جیابونەوە بکات لەم بارانەی خوارەوەدا:
یەکەم :ئەگەر مێرد لەسەر تاوانێک حوکمدرا بە زیندانی سێ ساڵ یان زیاتر وە ماوەی یەك ساڵ تێپەری بەسەر زیندانی کردنیدا. دووه‌م: ئەگەر مێرد هاوسەرەکەی بەجێهێشت بۆ ماوەی ساڵێک یان زیاتر بەبێ هۆکارێکی رەوا. سێیه‌م: مێرد داوای گواستنەوەی نەکرد هاوسەرەکەی لەماوەی دوساڵدا لە بەرواری گرێبەستی هاوسەرێتیەوە. چواره‌م: ئەگەر مێرد توشی نەخۆشیەک ببوو کە نەتوانێت ئەرکی هاوسەری ئەنجام بدات. پێنجه‌م: ئەگەر مێرد نەزۆک بوو یان توشی نەزۆکی بوو لەدوای زەواج.
شه‌شه‌م: ئه‌گه‌ر مێرد توشی نەخۆشیەک بوو کە نەتوانێت سەرجێی بکات بەبێ زیان گەیاندن یاخود توشی شێتی هات و لەماوەیەکی دیاریکراودا بەپێی راپۆرتی پزیشکی شفای وەرنەگرت.
 حه‌وته‌م: ئەگەر مێرد بژێوی هاوسەرەکەی نەکێشا بەبێ هۆکار دوای مۆڵەتدانی بۆ ماوەی 60 رۆژ هه‌شته‌م: ئەگەر نەتوانرا بژێوی لە مێرد وەربگیرێت بەهۆی دیارنەمان یان وون بوون یان خۆشاردنەوەی. نۆیه‌م: ئەگەر مێرد بژێوی کەڵەکەبوی هاوسەرەکەی پشت گوێ خست دوای مۆڵەت پێدانی لە فەرمانگەی جێبەجێکردن بۆ ماوەی 60 رۆژ
ژن بۆی هەیە داوای جیابونەوە بکات پێش گواستنەوە وە لەسەر دادگا پێوستە بریار بدات بە جیابونەوە دوای ئەوەی سەرجەم مارەیی کەوەریگرتووە یان مەسروفاتی پرۆسەی هاوسەرێتی گەراندەوە بۆ مێرد.
لێرەدا گرنگە باسی شوێنه‌واره‌كانی جیابونەوە بکەین بەپێی ئەو دوو مادەیە (40 و 43):
1/ جیابونەوە بەپێی هەردوو مادەی ئاماژە بۆ کراو پێوستی بە طلاق دانی پیاو نیە، واتە هاوسەرەکان بە بریاری دادگا جیا دەبنەوە، لەکاتێکدا ئەگەر مێردیش ئامادە نەبێت هاوسەرەکەی طلاق بدات. ٢/جیابونەوە بەپێی هەردوو مادەی ئاماژە بۆکراو جگە لەمادەی (43/دووەم) لایەنی داواکار واتە ئەو لایەنەی داوای جیابونەوەی تۆمار کردووە ( ژن یان پیاو) مافی پارێزراو دەبێت بەتایبەت لایەنی ژن کە ئەگەر گواسترابێتەوە مارەیی پێشەکی مسۆگەر دەکات، پاشان ئەگەر داواکەی سەلماند بە یەکێک لەو هۆکارانەی سەرەوە ئەوا سەرجەم مارەیی پاشەکی (قەرز) مسۆگەر دەکات. هەرچی مادەی 41 هەریەک لە هاوسەرەکان بۆیان هەیە پەنای بۆ ببەن کاتێک ناکۆکی و نەگونجان هەبێت لەنێوانیان) واتە ئەگەر هیچکام لە هۆکارەکانی مادەی (40 و43) بونی نەبوو، بەڵام ناکۆکیش هەبوو لە نێوان هاوسەرەکان ئەوا مادەی 41 جێبەجێ دەبێت.
ئەم مادەیە بۆ جیابونەوە شوێنه‌واری جیاوازی هەیە، ئەگەر جیابونەوەکە دوای گواستنەوەبوو، بەڵام سەرچاوەی کێشەکە ژن بوو ئەوا مارەیی پاشەکی دەفەوتێت جا ژن لەداواکەدا داواکاربێت یان داوالەسەر کراو، وە ئەگەر سەرجەم مارەیی وەرگرتبوو ئەوا دەبێت رێژەیەک بگەرێنێتەوە بۆ پیاو کە لە نیوە زیاتر نەبێت.بەڵام ئەگەر کێشەکان بەهۆی هەردوو هاوسەرەکەوە بوون ئەوه‌ ژن مارەیی پێشەکی مسۆگەر دەکات و مارەیی پاشەکی بەش دەکرێت لە نێوانیان هەریەک بەپێی رێژەی کەموکورتی و هەڵەکانی، بەڵام ئەگەر جیابونەوە پێش گواستنەوە بوو وە کەموکورتییەکان لەلایەن ژنه‌وه‌ بوو ئەوا دەبێت ئەو مارەییەی کە وەریگرتووە بیگەرێنێتەوە بۆ مێرد.
لەکۆتایدا بەکورتی هەرکەسێک ( ژن یاخود پیاو ) لە دادگا داوای تۆمارکرد داواکەی سەلماند ئەوا مافەکانی کە یاسا پێی داوە پارێزراوە، چونکە لەگەڵ عەقڵ و منطق یش ناگونجێت کەسێک ستەمی لێبکرێت و پەنا بەرێت بۆ دادگاو دادگاش مافەکەی بفەوتێنێت، وە ئەگەر داواکەی نەسەلماند ئەوا دادگا داواکەی رەد دەکاتەوەو گوێی لێناگرێت و جیایان ناکاتەوە.


پارێزەر شاد ڕزگار فتاح

Designed and developed by AVESTA GROUP