گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان لەسەر تەندروستی ددانی ئافره‌ت

تەندروستی
14/06/2022


  گرفتی ددانەکان وەک هەموو نەخۆشی و ناڕەحەتیەکانی تر بەشێک لە ئافرەتان تووشی دەبن بە درێژایی ژیانیان .هۆکار زۆرن بۆ توشبوون بە گرفتی ددانەکان هەندێک جار بۆماوەییە و هەندێکجاریش گۆڕانکاری هۆڕمۆنی ڕۆڵ دەگێرن بۆ تەندروستی ددانەکان. بەشێوەیەکی گشتی لە ماوەی (هەرزەکاریدا، منداڵبوون، دووگیانی، سوڕی مانگانەدا) گۆڕانکاری لە ئاستی هۆڕمۆنەکانی ڕەگەزی ئافرەتان لە لەشیاندا ڕوودەدات. ئەم هەڵچوونانە کە لە ئاستی هۆرمۆندا ڕوودەدەن کاریگەری لەسەر تەندروستی دەم و ددان پەیدا دەکەن. بەتایبەتی لە کاتی سووڕی مانگانەدا بەهۆی گۆڕانکاری لە هۆڕمۆنەکاندا ئاوسان لە پوکەکاندا دروست دەبێت و نیشانەی هەوکردن و سووربوونەوە ڕوو دەدات.
گرنگترین گۆڕانکاری کە لە ماوەی دووگیانیدا ڕوودەدات بەرزبوونەوەی ئاستی هۆرمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجێسترۆن. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کەڵەکەبوونی پلاکی ددان لەسەر ددانەکان و هەروەها دروست بوونی کلس لەسەر ددانەکان ، کە بەمەش نەخۆشییەکانی سەر پوک زیاتر گەشە دەکەن و زیاتر بێزارکەر دەبن. ئەم حاڵەتە کاریگەری لەسەر زۆربەی ئافرەتانی دووگیان هەیە، بەتایبەتی لە ماوەی 2 مانگی و 3 مانگی دووگیانیدا.


چارەسەری گشتی کێشەی ددان لە ئافرەتاندا
١- شووشتنی ددان رۆژانە ٢ بۆ ٣ جار و هەروەها شووشتنی زمان بە فلچە و غەڕغەڕەکردن بە خوێواو و ئاو یاخود دەرمانی تایبەت بۆ دەم لەناو دەم و قورگ،پسپۆڕان ئاماژەش بەوەدەکەن شووشتنی ددانەکان رێگر دەبێت لە چوونە ناوەوەی بەکتریای زیانبەخش و میکرۆب بۆ ناو جەستە.
٢- جووینی بنێشت لەنێوان ژەمەکان، یارمەتی تەڕیی ناودەم دەدات، ددانەکانت پاک دەکاتەوە کە هەردووکیان یارمەتی پاککردنی ددان دەدەن.
٣- زۆر گرنگە ئافرەتان شیر بخۆنەوە چونکە ڕێژەی کالیسیۆم تێدا بەرزە هەم بەمەبەستی تەندروستی ددان هەم بۆ تەندروستی ئێسقان لە پوکانەوە دەپارێزێت بەتایبەتی لەکاتی گەورە بوونی تەمەن.
٤- پێویستە خواردنەوەی ئاو پشتگوێ نەخرێ چونکە بەرگری لە وشكبوونەوەی ناو دەم.
٥- بەكارنەهێنانی فلچەی ڕەق کە دەبێتە هۆی برینداربوونی پووک و زیان گەیاندن بە ددانەکان.
٦- كەمی ڤیتامین C وا لە پوك دەكات توشی هەوكردن بێت بۆیە گرنگە کە ڤیتامین سی C بخورێت.
٧- کاتێک کە ددانێک تووشی ڕەشبوون یان کلۆربوون دەبێت ،پێویستە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی ددان، چونکە دەبێتە هۆی تەشەنەکردنی ئەم کلۆربوونە و گواستنەوەی بۆ ددانەکانی تر.

ئاماده‌كردنی: رێژین قاسم محمود

Designed and developed by AVESTA GROUP