ئافره‌تان وەک پیاوان خاوەن هێزن و توانای ئەنجامدانی وەرزشە جیاوازەكانیان هەیە

وەرزش
13/09/2022


نه‌سیم خه‌لیل حسێن ته‌مه‌ن 22 ساڵ، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردن و چوونه‌ ناوبواری وه‌رزشه‌وه‌ ده‌ڵێت: لەتەمەنی 10 ساڵیەوە حەزم بۆ وەرزش دروستبوو، لەتەمەنی 12 ساڵیەوە بەشێوەکی فەرمی چومە ناو بواری وەرزشی، هەموو خولیاو ئاواتم تایبەت بوو بەبواری وەرزشی، لە کێبڕکێی قوتابخانەکانەوە دەستم پێکرد بەیارمەتی براکەم کە مامۆستام بوو. بەهەموو شێوەیەک هانی ئەدام و یارمەتی دەدام بۆبوونم بەیاریزانی ڕاکردن. لەتەمەنی چوارده‌ ساڵیمەوە دەستمکرد بەمەشق لە تۆپی بالەدا، بۆماوەی دوو ساڵ بەردەوامبووم لەڕاهێنانەکام بەبێ بەشداریکردن لەهیچ تیپ و یانەیەک.
نه‌سیم ده‌ڵێت: لەتەمەنی 16 ساڵی تیپی کچانی تۆپی بالەی مێرگەسورمان دامەزراند لەگەڵ هاوڕێکانم بەسەرپەرشتی براکەم و ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر ،کە تیپەکەمان لە 14 کچ پێکهاتبوون بەشداریمان له‌ خولی تۆپی بالەی کوردستان كرد.
بەردەوامبوون لە ڕاهێنانی تۆپی بالە و لەگەڵ ئەوەشدا  لەڕاهێنانی ڕاکردن بەردەوامبووم و دواتر دەستم کرد بە فێربوونی تێنسی سەر مێز لەگەڵ براکەم و توانیم تائاستێکی باش بڕۆم ،هاوکات لەگەڵ هەرسێ یاری ڕاکردن و تۆپی بالەو تێنسی سەر مێزدا حەزێکی زۆرم هەبوو بۆ تۆپی پێ .
سه‌باره‌ت به‌وجۆرە وەرزشانه‌ی كه‌ ئه‌نجامیداوه‌، نه‌سیم ده‌ڵێت: ڕاکردن، تۆپی بالە، تێنسی سەر مێز،تۆپی پێی بچوک کراو، پایسکل سواری، هەر لەتەمەنی ده‌ ساڵیەوە  بەردەوام لەهەوڵدان دابووم تاکو بتوانم ئاستم بەرەو پێشببەم و بتوانم سەرکەوتووبم لە تاقیکردنەوەی کرداری بەشی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سۆران، سوپاس بۆ خودا ناوم لەبەشی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سۆران گەڕایەوەو بەتەواوی چومە ناو ئەو دنیا وەرزشیەی کە خولیایی مندالیم بوو.
‎پایسکلسواری لەشاری سۆران بەڕێوەچوو پلەی سێیەمم بەدەست هێنا، هه‌روه‌ها ڕاکردنی 5کیلۆمەتری لە شاری سۆران بەڕێوەچوو پلە سێیەمم بەدەست هێنا، لە خولی تێنسی سەرمێز لەبەشی وەرزشی زانکۆی سۆران پلەی یه‌کەمم بەدەست هێنا، به‌شداریکردنم وەک ناوبژیوان لە خولی تۆپی بالەی دکتۆر فرسەت سۆفی كه‌ له‌ قوتابخانەکانی شاری سۆران بەرێوەچوو.
‎لەسەرتاسەری کوردستاندا بەئاستێکی بەرز و بێ جیاوازی وەرزشی ئافره‌تان ئاشناکراوەو، چەندین ئافرەتی پالەوانمان هەیە لەگشت شارو شارۆچکەکانی کوردستان کە یارییان لەهەڵبژاردەی عێراق و کێبڕکێ جیهانیەکاندا  لەوەرزشە جۆراوجۆرەکان کردووە، ئەمەش مانای ئەوەدەدات کە زەمینەیێکی لەبار ڕەخساوە لەڕووی وەرزشیەوە بۆ ئافرەتانی کوردستان ئەمە سەرەڕای  نەبوونی  پالپشتیێکی دارایی باش و ڕاهێنەری شارەزاو مەشقێکی باش بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی ئاستی وەرزشی ئافرەتان وەک هەر ئافرەتێکی تری جیهان.
لەكۆتاییدا، ئەمەوێت بە ئافرەتانی بڵێم كە وەرزشكردن تەنها مۆركی پیاوان نیە، بەڵكو ئافرەتانیش ئەتوانێ وەک پیاوان خاوەن هێزبێن.


ئامادەكردنی: نیگار مێرگەسۆری

Designed and developed by AVESTA GROUP