سودەکانی وەرزشی مەلەوانی

تەندروستی
28/08/2024

سودەکانی وەرزشی مەلەوانی

مەلەکردن یەکێکە لەو وەرزشانەی کە دەتوانی هەر لە تەمەنی گەنجییەوە ئەنجامی بدەی تا پیربوون و وەرزشێکی گونجاوە بۆ تەندروستی جەستەیی و دەروونی  ، وەرزشێکە بەرگری لەش زیاد دەکات لەچاو وەرزشەکانی تر .

لێرەدا هەنێ لە سودەکانی وەرزشی مەلەوانی دەخەینە روو : - 
١- مەلەکردن دەبێتە هۆی خۆشحاڵی و دەروون ئارام دەکاتەوە و ئاستی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی کەمتر دەکاتەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز دەکات .

٢- مەلەکردن کاردەکاتە سەر بەهێزبوونی بیرەوەری و توانای بیرکردنەوە باشتر دەکات و رێژەی ئەنسۆلین لەخوێندا رێک دەخات و کاردەکاتە سەر گەشەکردنی خانە نوێیەکان لە مێشکدا .

٣- مەلەکردن کالۆری زیاتر دەسوتێنێت وەک لە ڕاکردن ، کاتێک مەلەکردن بەراورد دەکەین بە ڕاکردن دەبینین لە یەک کاتژمێر لەمەلەکردن ٧١٥ کالۆری دەسوتێت بەراورد بە ڕاکردن لە یەک کاتژمێردا تەنها ٦٠٦ کالۆری دەسوتێت . 

٤- مەلەکردن پیربوون خاودەکاتەوە ، مەلەکردنی بەردەوام دەتوانێت کاریگەرییەکانی پیربوون دوابخات  بە کەم کردنەوەی پەستانی خوێن و زیادکردنی بارستەی ماسولکەکان و باشتر کردنی ئۆکسجین و رۆیشتنی خوێن بۆ مێشک و ڕێکخستنی لێدانەکانی دڵ  ، هەروەها مەلەکردن دەتوانێت هێزی جەستەیی و هاوسەنگی لەکەسانی بەساڵاچوودا باشتر بکات بە نەرم کردنەوەی ماسولکەکان . 

٥- مەلەکردن  زۆر باشە بۆ ئەو کەسانەی بەدەست حاڵەتە درێژخایەنەکانی سییەکان وەک تەنگە نەفەسی دەنالێنن ، کە قسەکردن یان هەنێ وەرزش بۆیان سەختە  ئەویش بەهۆی لەدەستدانی گەرمی و شێ لەبۆڕییەکانی هەناسەداندا دەبێتە هۆی گرژبوونی بۆڕییەکان ئەمەش کاتێک روودەدات کە هەوای دەرەوە وشک یان سارد بێت ، بۆیە مەلەکردن باشترین وەرزشە بۆ نەخۆشانی تەنگە نەفەسی . 

٦- مەلەکردن متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات ، توێژینەوەیەک کراوە لەزانکۆی گریفیت لە ئوسترالیا دەریان خستووە کە مەلەوانە گەنجەکان متمانە بەخۆبونیان زیاترە لە هاوتەمەنەکانی خۆیان کە مەلەوان نین ، هەروەها بۆ گەورە ساڵانیش دروستە ، مەلەکردن فێری متمانەت دەکات لە حەوزو ئاوی کراوەدا هەروەها لە کارەکانی رۆژانەدا . 

“ شێوان ڕۆستەم “

Designed and developed by AVESTA GROUP