ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا

دهۆك بەرۆژی
29/06/2024

١٩ی حوزەیران وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە کاتی ململانێدا دیاریکراوە بۆ تیشک خستنەسەر دۆخی ژیان و دەستدرێژییە سێکسییەکانی کە لە کاتی جەنگدا ڕوودەدات

ساڵی ٢٠١٥ ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕۆژی ١٩ی حوزەیران وەک ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێدا دیاریدەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵرۆژی بڕیاری ١٨٢٠ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٨دا کە تێیدا توندوتیژی سێکسی وەک تاکتیکی جەنگ مەحکوم دەکات و وەک بەربەستێک بۆ پێکهێنانی ئاشتی لە قەڵەمی دەدات.



ئەم ڕۆژە دیاریکراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی پێویستی کۆتایهێنان بە توندوتیژی سێکسی لە کاتی ململانێ و جەنگەکاندا، هاوکات ڕێز لە ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی دەگیرێت.



توندوتیژی سێکسی هەموو شێوازەکانی دەستدرێژی جەستەیی، لەشفرۆشی زۆرەملێ، دەستدرێژی سێکسی، دووگیانی زۆرەملێ، هاوسەرگیری زۆرەملێ و بازرگانیکردن بە کەسێکەوە دەگرێتەوە بەبێ خواستی خۆی و بە مەبەستی دەستدرێژی سێکسی بێت.



لە کاتی ململانێ و جەنگەکاندا، جگە لە زیانی ژینگەی و ماددی و بۆردومان و هێرشەکان، دەستدرێژی سێکسی بەتایبەت بۆ سەر ژنان و منداڵان تاوانێکی دیکەی جەنگییە و ئەمەش لە یاسا و مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیدا هاتووە، بەڵام بێ ڕەچاوکردنی یاساکان و بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، زۆرترین دیاردەی دەستدرێژی سێکسی لەو وڵاتانەدا تۆمار دەکرێن کە جەنگ و ململانێی سەربازی و سیاسی تێدا بەڕێوەدەچێت.



بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر دەرئەنجامەکانی شەڕ و بەتایبەت لەسەر ژنان ئەنجامیداوە، دەرکەوتووە، ژنانی چالاکوان و پێکهێنەرانی پرۆسەی ئاشتی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، زۆرجار بە تایبەتی دەکرێنە ئامانج لە ڕێگەی دەستدرێژی و توندوتیژی سێکسییەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە بەرزکردنەوەی دەنگییان بەرامبەر دڕندەی و تاوانەکانی جەنگ و مافی مرۆڤ لێدەکرێت.


Designed and developed by AVESTA GROUP