دیداری یکێتی ئافرەتانی کوردستان لەگەل بەرێز مەسرور بارزانی

زیبا تەها
03/07/2024


بەھا و گرنگی دیدارەکەمان لە خزمەت ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی لەوەدایە، کە بەڕێزیان وەک جێگری جەنابی سەرۆک بارزانی، هاوکات وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لوتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، وێڕای هەموو ئەرکە سەختەکانی و بەرنامەی کاری فراوانی، دەرفەتی بۆ ئێمە وەک  دەستەی نوێی یەکێتی ئافرەتان ڕەخساند تا لە نزیکەوە هەم دەنگی ئافرەتانی کوردستان بگەیەنین و هەم پشتیوانی بەڕێزیان بۆ ڕێکخراوەکەمان بەهێزتر بکەین، ئەمەش نیشانەی بەھەند وەرگرتن  و خەمخۆری جەنابیانە بۆ پرسی ئافرەتان.

لەم دیدارەدا، جەنابی سەرۆک وەزیران ستایشی ڕۆڵی یەکێتی ئافرەتانی کوردستانی کرد کە وەکو ڕێکخراوێکی دێرین بەشداری ڕاستەوخۆی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلەکەمانی کردووە. ھەروەھا بڕوا و متمانەی تەواوی خۆی بەتوانا و لێھاتوویی ئافرەت دەربڕی و پشتیوانی بۆ ڕۆڵی ئافرەت دووپات کردەوە، هاوکات هەموو پشتیوانییەکی بۆ یەکێتی ئافرەتان دەربڕی.
بەڕێزیان ڕایسپاردین، کە بە تەواوی تواناکانی خۆمان لە خزمەت ئافرەتانی کوردستاندا بین، و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان بەسەر بکەینەوە و پشتیوان و هاوکاریان بین. بەشێوەیەکی سەردەمیانە و بە میکانیزمە هاوچەرخەکان پەرە بە کاری ڕێکخراوەیی بدەین و پرسی ئافرەت بەرەو پێش ببەین، پشتیوانی بەرنامەکانی حکومەت بین و ڕۆڵمان هەبێت لە پەرەپێدانی هۆشیاری دایکان و ڕاهێنانی نەوەکان بە بنەماکانی مرۆڤدۆستی، نیشتمانپەروەری و ژینگەپارێزی.

وێڕای دووبارە سوپاسگوزاری، ئێمە ئەم دیدارەی جەنابی سەرۆک وەزیران، وەک هاندان بۆ ئێمە و پشتیوانییەکی بەهێز بۆ ڕێکخراوەکەمان و پرسی ئافرەت دەبینین و بەڵێنیش دەدەین، کە لە ئاست متمانە و چاوەڕوانی بەڕێزیان دابین.


Designed and developed by AVESTA GROUP