سەرکەوتنی ئافرەتان لە چوارچێوەی کاری سیاسی پارتیماند

زیبا تەها
09/07/2024


لەسەر ئاستی جیھان پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی ماف و پرسی ئافرەتان بەیەکێک لەمیکانیزمەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە دادەنرێت، ئەگەر ئەم ھەنگاوە لەناو چوارچێوەی کاری پارتێکی سیاسی بێت زیاتر دەبێتە جێگەی بایەخ و پێشکەوتن، چونکە بەرێوەبردن و پلانی ستراتیژی پارتی سیاسی ھۆکارێکە بۆ گەشەکردن و پەرەسەندنی بنەماکانی پێشکەوتنی کۆمەڵگە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە گەورەترین پارتی سیاسیە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە لەدامەزراندنیەوە ھەوڵیداوە گرنگیەکی تایبەت بە ئافرەتان بدات و ھەنگاوی جدی بەو ئامانجە ناوە، دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان نموونەیەکی دیاری ئەو بەھەندوەرگرتنەیە. دامەزراندنی ئەم رێکخراوە لەسەر راسپاردەی بارزانی نەمر باوکی روحی کورد بووە، کە ئەمەش ھێمایە بۆ بروابوونی تەواوی بە بوون و پرسی ئافرەتان، و بە زەروورییەتی زانیوە ئافرەتانیش وەک پیاوان بەشداربوویەکی کارای ناو بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بن، و بەشێکی سەرەکی بن لەبەرێوەبردنی کۆمەڵگە. ئەم بڕوابوونە بە ئافرەت وایکرد کە بەردەوام پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵپشتی سەرەکی بێت بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی توانا و لێھاتووییەکانی ئافرەتان لەناو خودی کاری سیاسی پارتی و لەناو کۆمەڵگە و دامەزراوە جیاوازەکاندا، بۆتە بنەمایەک کە بەردەوام ئافرەتان لەناو کار و خەباتی سیاسی ھەست بەئامان و دڵنیایی بکەن و خواستیان لەپێشخستنی کۆمەڵگەبێت لەرێگەی کارکردنیان لەناو چوارچێوەی کاری پارتیدا.

لەو روانگەوە دەبینین کە کۆنگرە لەدوای کۆنگرە رێژەی بەشداری ئافرەتان لەتەواوی ئۆرگانە جیاوازەکانی پارتیمان زۆردەبێت، ھاوکات زیاتر ھەوڵدەدەن کارەکتەرێکی سەرکەوتووی حزبی بن و ببنە ئەندامێکی کارا، ئەم پێشکەوتنەش لەکۆنگرەی چواردەدا بەروونی دیارە و ژمارەیەکی بەرچاوی ئافرەتان لەکۆنفرانسە ناوخۆییەکاندا خۆیان کاندید کرد و پلەی جیاوازیان بەدەستھێناوە، بەتایبەت ئەندامانی یەکێتی ئافرەتان ئەوانەی بەشداری کۆنفرانسەکانیان کرد توانیان سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکەن و براوەی ھەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتیمان بن، ئەمەش شانازی و دەستکەوتێکی مەزنە بۆ رێکخراوەکەمان کە بەھۆی پاڵپشتی بەردەوامەوە توانیان ئەو قۆناغە لەکاری سیاسیدا ببڕن.

ئاشکرایە پاڵپشتی و ھاندانی ھەمیشەیی سەرکردایەتی پارتیمان بەتایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی گەورەترین و شانازیترین دەستکەوتە کە ئافرەت وەک نایابترین و بێ وێنەترین نموونە ئاماژە پێ دەکات و بەھۆکاری سەرکەوتنی شۆرشەکانی کوردی دەزانێت، ھەروەھا پشتگیری رێزدار مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتیمان، یەکێکیترە لەو میتۆدانەی ئەم رێکخراوە پشتی پێ دەبەستێت و رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی بەرێزیان وەک پلان و ستراتیژییەتی چالاکیەکانی رێکخراو دەزانێت، ھەروەک لەکۆبونەوەی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئەو ھەنگاو و خاڵانەی بۆ روونکردینەوە کە پێویستە وەک رێکخراوێکی گەورە و کاریگەر لەناو کۆمەڵگەدا بتوانین خزمەتی زیاتر پێشکەش بە ئافرەتان بکەین و ھانیان بدەین کە دەبێت گرنگی پتر بە لێھاتووییە کەسیەکانی خۆیان بدەن و پێشبکەون.

ئێمەش وەک یەکێتی ئافرەتان بەردەوام بەڵێنی پابەندبوونمان بە ئەجێندا و پلانی پارتیمان دەدەین، کە رێکخراوەکەمان ھەمیشە بە چالاکترین و سەرەکیترین رێکخراوی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەتان بزانین و لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام بین کە لەساڵی ١٩٥٢ ەوەکاری لەسەر دەکرێت، ھەروەھا دەبینە بەشێکی سەرەکی لەپێشکەوتن و ئەو خزمەتانەی پارتیمان پێشکەش بە خەڵکی کوردستان دەیکات و خۆی بە خەمخۆری گەشەسەندنی ھەرێمی کوردستان و پرسی نەتەوەیی کورد و خەڵکی کوردستان دەزانێت، ھاوکات رایەڵێک بین لەنێوان ئافرەتانی کوردستان و جیھان و بەوپەری توانامانەوە لەھەوڵی پێشخستنی نیشتمان و وڵاتماندا بین و ھۆکارێک بین بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئاشتی و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لەبەرئەوەی ئافرەتان دەتوانن ئەو ھێزە نەرمە بن کە کۆمەڵگە بگۆرن و لەھەمانکاتدا پارێزگاری لەرەسەنیەت و کلتوری کۆمەڵگە بکات.


Designed and developed by AVESTA GROUP