مینا خانم هاوسەری پێشەوا قازی محەمەد

ئافرەتە پێشەنگەكان
02/09/2019

مینا خانم، هاوسەری پێشەوا قازی محەمەدی نەمر
مینا خانم لە ساڵی ١٩٠٨ زایینی لە شاری مهاباد لە دایک بووە. 
لە ساڵەکانی ١٩٢٧ - ١٩٢٨ لەگەڵ پێشەوای کورد قازی محەممەد یەکتر دەناسن و پاشان ژیانی هاوسەری پێک دەهێنن. سەرەڕای ئەوەی خوێندەوارییەکی باشی نەبووە بەڵام پاڵپشت و یاریدەدەری پێشەوا لە هەموو بوارەکاندا بووە. 
میناخانم ئافرەتێکی لێهاتووی سەردەمی خۆی بووە و توانی لە ماوەیەکی کەمدا بگاتە ئەو ئاستەی کە رۆڵێکی کارا بگێڕێ لە هاوکاری کردنی هاوسەرەکەی و بە فەرمی تێکەڵ بە ژیانی سیاسی بێ. 
ئەم ئافرەتە تێکۆشەرە لە کاتی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا بووە سەرۆکی رێکخراوی "یایا" کە رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی ئافرەتان بووە. بەمجۆرە مینا خانم لەو هەولومەرجەدا و لە کاتێکدا کە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەشداری ئافرەت لە چالاکیی سیاسیدا لەمپەڕ بوون، توانی دەورێکی بەرچاو بگێڕێ لە دەسپێکی هاتنە مەیدانی ئافرەت بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسیی. 
ئەم ئافرەتە تێکۆشەرە ٣٨ ساڵی تەمەن بوو کە هاوسەرەکەی (پێشەوا قازی محەمەد) لە سێدارە درا و ئیتر لەو کاتەوە جگە لە دایکایەتی، ئەرکی باوکایەتیی منداڵەکانیشی کەوتە ئەستۆ. خاتوو مینا ٩ منداڵی لە پێشەوا قازی هەبوو. یەکێک لە منداڵەکانی هەر لە ناو لانکەدا گیانی سپارد و ٨ منداڵی بۆ مایەوە کە توانی هەموویان بنێرێتە قوتابخانە و بەشێکیشیان زانکۆ تەواو بکەن و منداڵەکانی بە بیری کوردایەتی و نەتەوەییەوە گۆش کرد. 
میناخانم لە ساڵی ١٩٩١ روو دەکاتە وڵاتی ئەڵمانیا و پاش ماوەیەکی کەم دەگەڕێتەوە مهاباد. لە ساڵەکانی١٩٩٥ و١٩٩٦ بە مەبەستی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەی روو دەکاتەوە هەندەران و پاش ئەوەی کە لە چاکبوونەوەی نائومێد دەبێ، دەگەڕێتەوە بۆ مهاباد و رێکەوتی ١٨/٢/١٩٩٨ بە یەکجاری چاوەکانی لێکدەنێ و ماڵئاوایی لە ژیان دەکات.
میناخانم تا دوا ساتەکانی ژیانی، ئاواتی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی لە دڵدا بوو. لە وتووێژێکدا لەگەڵ گۆڤاری "وارڤین" دەڵێ: هەرچەندە باش دەزانم کە گەلی کورد لە داهاتوویەکی نێزیکدا سەردەکەوێ و دەگاتە ئامانجە مێژووییەکەی خۆی، ئاواتم ئەوەیە کە رۆژێک تەواوی کوردستان ببێتە یەک و کوردیش لەو دونیایەدا دەوڵەتی خۆی هەبێ...".... هەزاران دروود وسڵاو لە روحی پاکی مینا خانم

Designed and developed by AVESTA GROUP