ئافرەتێکی بەهرەمەندی خاوەن پێداویستی تایبەت، خاوەنی دوکانێکی جوانکارییە

ئافرەتە پێشەنگەكان
17/10/2022

نیان عەبدوڵا، تەمەن 45 ساڵ، لەگەڵ ئەوەی کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە، بەهرەی زۆرە و دۆخە تەندروستییەکەی بە هیچ شێوەیەک ڕێگریی لە خەونەکانی نەکردووە و ئێستا دووکانێکی جوانکاریی تایبەت بە خۆی هەیە و بەبێ ئەوەی بڕواتە قوتابخانەش خۆیی فێری زمان و خوێندن کردووە.

نیان لەبارەی دووکانی جوانکاریەکەی گوتی :"خۆم حەزم لە بواری جوانکاری و گرنگیدان بە قژ و پێستە و هەست دەکەم زۆر خۆم لەو بوارەدا دەبینمەوە، لەگەڵ ئەوەش هەستم دەکرد خانمانی کوردستان لەڕووی مەیکاپەوە زۆر غەدریان لەلایەن ئەو کەسانەوە لێ دەکرێت کە بابەتی جوانکاری دەهێنن بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هێندەی سەیری بازاڕم کردبێت، زۆربەی بابەتەکان کە لەلای من ناسراون، كوالێتییان كەمە و بەشێكیان بۆ بەکارهێنان زۆر خراپن، هەربۆیەش بەباشم زانی هەوڵ بدەم کەمێک ئەو بۆشاییە بە بابەتی بەکوالێتی و باش پڕ بکەمەوە، هەر ئەوە بیرۆکەی سەرەتایی دانانی ئەو دووکانەم بوو."

باسی لەوەشکرد: "من وەکوو کچێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، خۆم بە کەسێکی بەهێز زانیوە و چاوم لەوە نەبووە ئەوەی دەمەوێت بیکەم بە هاوکاریی خەڵکی دیکە بێت، بەڵکوو هیچ کەس و لایەنێک هاوکاریی نەکردووم، ئەوەی کردوومە هەر کاری خۆم و تواناکانی خۆم بووە، زۆر دڵخۆشیشم کە دەرفەتم بۆ کەسانی تریش ڕەخساندووە بژێوی خۆیان لە ڕێگەی کاری منەوە دابین بکەن، ئەمە بۆ من زۆر جێگای خۆشحاڵی بووە."

ئەو بەهرەمەندە خاوەن پێداویستیی تایبەتە بە ئیرادەیەکی بەرزەوە زیاتر باسی لە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی دەکات و دەڵێت: "یەکێکی تر لەو شتانەی کە من بەهۆیەوە زۆر سوپاسگوزاری خوای گەورەم، ئەوەیە کە بێ ئەوەی چووبێتمە بەر خوێندن و قوتابخانە فێری خوێندن و نوسین بووم بە زمانی کوردی، هەروەها جگە لە زمانی دایک، هەردوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزیش باش دەزانم، بۆ کارەکەشم زۆر پێویستم بەو دوو زمانە بووە، چونکە لەو بوارەی کە کاری لێ دەکەم بەهۆی ئەوەی کاڵاکان لە ئەورووپاوە دەهێنم، زۆر پێویستم بە زمانی ئینگلیزی بووە و فێربوونی ئەو زمانە زۆر یارمەتیی سەرکەوتنی داوم."

لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "لە مه‌راسیمێكی شایستەدا کە تایبەتبوو بە خاوه‌نپێداویستی تایبه‌ت، خه‌ڵاتی ڕێزلێنانمان پێبەخشرا.

دیمانە:پەریهان عومەر

Designed and developed by AVESTA GROUP