له‌یلا به‌درخان

ئافرەتە پێشەنگەكان
22/10/2019

له‌یلا به‌درخان

له‌مێژووی كوردستان‌و نه‌ته‌وه‌ی كورددا، له‌یلا به‌درخان یه‌كه‌مین كچی كورده‌ كه‌ له‌بواری هونه‌ردا ده‌ركه‌وتووه‌.

ئه‌و له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ تێكۆشه‌ری به‌درخانییه‌كانه‌و كچی (عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان)و كچه‌زای (به‌درخان پاشا)یه‌.

له‌یلا له‌ساڵی 1908 له‌ئیستانبوڵ‌ له‌دایكبووه‌. ساڵی 1913 دوای ده‌رچوونی بڕیاری كۆمه‌ڵكوژكردنی‌ بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان له‌لایه‌ن عوسمانیه‌كانه‌وه‌، له‌یلا له‌ته‌مه‌نێكی زۆر بچووكیدا له‌گه‌ڵ‌ دایكی ناچاربوون له‌ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی عوسمانی كۆچ بكه‌ن‌و ڕووبكه‌نه‌ میسرو ته‌مه‌نی منداڵی له‌(میسر) به‌سه‌ربردووه‌.

دوای جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ جیهانی له‌ساڵانی‌ (1914 تا 1918)، له‌یلا به‌درخان میسری‌ جێهێشتووه‌و چووه‌ته‌ ئه‌وروپا، له‌وێ‌ قۆناغه‌كانی ژیانی ده‌ستپێكردووه‌.

به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كان، له‌یلا له‌(سویسرا) چووه‌ته‌ به‌ر خوێندن‌و له‌ (ئه‌ڵمانیا)ش په‌یمانگه‌ی هونه‌ری بالێی ته‌واوكردووه‌و پاشانیش له‌ (فه‌ره‌نسا) نیشته‌جێ‌ بووه‌.

سه‌رچاوه‌كان دانیان به‌و ڕاستیه‌شدا ناوه‌، كه‌ له‌یلا به‌درخان له‌مێژووی كوردستان‌و نه‌ته‌وه‌ی كوردیشدا یه‌كه‌مین كچی كورده‌ كه‌ له‌بواری هونه‌ردا ده‌ركه‌وتووه‌.

هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین كچیشه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست له‌هونه‌ری بالێدا ده‌ركه‌وتبێت‌و یه‌كێكیشه‌ له‌ناسراوترین ژنه‌ سه‌ماكه‌ره‌كانی جیهان له‌ساڵانی 1930دا.

له‌زۆربه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌كاندا، باس له‌وه‌كراوه‌؛ كه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ‌‌و سه‌ماو گۆڤه‌ند، هه‌ر له‌منداڵییه‌وه‌ سه‌رنجی له‌یلایان ڕاكێشاوه‌، بۆیه‌ له‌یلا كاتێك كه‌ منداڵ‌ بووه‌، له‌ڕێگه‌ی سه‌یركردنی سه‌مای ژنانه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی... خۆی فێری سه‌ماكردن كردووه‌و زۆر خولیای سه‌ماكردن بووه‌.

به‌تایبه‌تیش دوای نیشته‌جێبوونی له‌ئه‌وروپا، هه‌موو ئامانج‌و حه‌زو خولیاو مه‌به‌ستی ژیانی سه‌ماكردن‌و خوێندن‌و لێكۆڵینه‌وه‌ بووه‌ له‌سه‌ماكردن‌و ئافراندن بووه‌ له‌هونه‌ری بالێدا، به‌تایبه‌تیش ئه‌و سه‌مایانه‌ی كه‌ له‌یلا به‌درخان نمایشی ده‌كردن، هیچ سه‌رچاوه‌و بنه‌مایه‌كی نه‌بووه‌، به‌ڵكو داهێنانی خودی‌ له‌یلا خۆی‌ بووه‌، كه‌ شێوازی تایبه‌ت‌و زۆر سه‌رنجڕاكێش بوونه‌.

له‌یلا به‌درخان له‌ساڵی 1930 تا سه‌ره‌تای ساڵانی 1940، سه‌ما سه‌رنجڕاكێش‌و پڕ له‌جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی خۆی له‌وڵاتانی‌ (نه‌مسا، ئه‌ڵمانیا، سویسرا، فه‌ره‌نسا، به‌لژیكاو ئیتاڵیا) پێشكه‌شكردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌یلا به‌درخان بۆ نمایشكردنی سه‌ما جوانه‌كانی، بانگهێشتی (ئه‌مریكا‌و كه‌نه‌دا)و زۆر وڵاتی تریش كراوه‌. له‌یلا وه‌ك كچێكی كورد كاریگه‌رییه‌كی زۆری هه‌بووه‌ له‌خۆ نمایشكردنیدا له‌هونه‌ری بالێ، به‌تایبه‌تیش له‌ناو خه‌ڵك به‌شازاده‌ی كورد ده‌ناسرا. له‌یلا بۆخۆیشی هه‌میشه‌و به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه‌ خۆی وه‌كو كچه‌ كوردێك‌و خه‌ڵكی كوردستان ناساندووه‌، نامه‌ مێژووییه‌كانی له‌یلا به‌ردخانیش ئه‌و ڕاستییانه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن.

هه‌روه‌ها بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی به‌درخان پاشا، كاریگه‌رییه‌كی زۆریان هه‌بووه‌ بۆ ده‌ركه‌وتنی له‌یلا وه‌ك كچه‌ هونه‌رمه‌ندێكی كورد.

له‌یلا ته‌مه‌نی زۆر بچووك بووه‌، كه‌ (عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان)ی باوكی كۆچی دوایی كردووه‌، وه‌لێ عه‌بدولڕه‌زاق كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر له‌یلای كچیدا به‌جێهێشتبوو، عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان تاكه‌ ڕێبه‌ری كورده‌ كه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی خۆیدا پیانۆی هه‌بووه‌.

شازاده‌ له‌یلا كچه‌ كوردێكی ڕووناكبیرو دیرۆكزانیش بووه‌. زۆر حه‌زی به‌خوێندنه‌وه‌ی لاپه‌ڕِه‌كانی مێژوو بووه‌. ناوبراو لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر مه‌راسیمه‌كانی ئایینی زه‌رده‌شتی، ئایینه‌ كۆنه‌كانی ئێران‌و میسرو هیندو سه‌ماكانی ئایینی خۆرهه‌ڵاتی كردووه‌.

له‌یلا به‌درخان توانی وه‌ك یه‌كه‌م كچه‌ هونه‌رمه‌ندو یه‌كه‌م ژنه‌ هونه‌رمه‌ندی كورد به‌ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌وه‌ بچێته‌ لاپه‌ڕه‌كانی دیرۆكی جیهانه‌وه‌، ئه‌لبوومه‌ مێژووییه‌كانی جیهان پڕِن له‌وێنه‌ جوانه‌كانی خۆنمایشكردنی شازاده‌ی كوردان له‌یلا به‌درخان.

له‌یلا به‌درخان دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی به‌ره‌و ژوور ڕۆیشتووه‌، نه‌یتوانیوه‌ چیتر به‌رده‌وامبێت له‌سه‌ر نمایشكردنی هونه‌ری بالێ‌و سه‌ما جوانه‌كانی، به‌ڵام به‌رده‌وامبووه‌ له‌كاری ڕۆشنبیریی‌و خوێندنه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌، تا دواجار له‌ساڵی 1986دا له‌پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نسا ماڵئاوایی له‌ژیان كردووه‌.

Designed and developed by AVESTA GROUP