یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێكسی لە ململانێکاندا، پەیامێکی بڵاوکردەوە

کوردستان
20/06/2020

دیاریکردنی رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە ململانێ و ئاڵۆزییەکاندا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زوڵم و تاوانانەی لەلایەن گروپە تیرۆریست و شەڕەنگێزەکانەوە بەرامبەر بە مرۆڤایەتی بەتایبەت لە دژی ئافرەتان ئەنجامیاندا، بووە هۆکارێک كە لەبەرواری ١٩ی حوزەیرانی ٢٠١٥ بڕیاری نەهێشتنی توندوتیژی سێکسی لە پێکدادان و شەرو ناخۆشیەکاندا، دەربچێت.
جەنگ وەک نەهامەتییەک بۆ کۆمەڵگە هەمیشە کۆمەڵێک دەرەنجامی نەرێنی هەیە.هێشتا لەجیهانی ئەمرۆدا، حاڵەتە جیاوازەکانی ئەو دەرنجامە خراپەی جەنگ و وێرانکارییەکان دەبینین بە تایبەت لە کوردستان و عێراقدا ئەوەی لەشەڕی داعش بەرامبەر بە ئافرەتانی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە کرا بەشێک بوو لەو نەهامەتیە مێژووییەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هات، بەمەش ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان ڕووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی و ناخۆشی بوونەوە، قوربانیدانی ئەوان هەرگیز لەیاد ناچێت و لەرۆژێکی وەک ئەمرۆدا دەبێت بە بەرزی باس بکرێن.
خۆشبەختانە لەهەرێمی کوردستان توندوتیژی سێکسی وەک هەر تاوانێکی دیکە بە تاوان هەژمار دەکرێت بەگوێرەی یاسای ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١١ و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩، هەرچەندە لەکۆمەڵگەیەی ئێمەدا بەدەر لە جەنگ و ململانێ چەکدارییەکان هێشتا چەندین هۆکاری دیکە هەن کە پاڵنەرن بۆ ئەو جۆرە توندوتیژییە و هەموو ئەوانە پێویستیان بە دۆزینەوەی ڕێگە چارە و بنبڕکردنی ئەو دیاردە توندوتیژییە هەیە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان وەک رێکخراوێکی داکۆکیکار لەماف و پرسی ئافرەتان بەهاوبەشی لەگەڵ رێکخراوە نێوخۆیی و جیهانیەکاندا ڕۆڵێکی کارای هەبوو لەبەهاناوە چوونی ئەو ئافرەتانەی لەدەستی داعش رزگاریان ببوو، توانی چەندین کاری مرۆییان بۆ ئەنجام بدات کە بەشانازییەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانی لەخزمەتکردن بەو ئافرەتانەی خۆنەویستانە توشی ئەو ناخۆشی و کاولکارییە جەستەیی و دەروونیە ببونەوە.
لەم رۆژەدا سەری رێز دادەنەوێین بۆ ئەو ئافرەتانەی بونە قوربانی دەستی شەڕ و ئاڵۆزییەکان بەتایبەت ئافرەتانی شنگال و دەشتی نەینەوا کە لەلایەن گروپی تێرۆریستی داعشەوە تووشی نەهامەتی و ناخۆشی بوونەوە و هەموو ئەو ئافرەتانەی بە هەربیانویەک بێت ڕووبەڕووی توندوتیژی سێكسی بوونەتەوە.
داواکارین لە هەموو لایەک کە پێکەوە بە یەکڕیزی و ویەکهەڵوێستی دەستکەوتەکان بپارێزین و نەهێڵێن جارێکی دیکە کوردستان بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیەوە توشی شەڕ و ماڵ وێرانبوون و دۆخە ناخوازراوەکانی شەڕوناخۆشیەکان بێتەوە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
١٩/٦/٢٠٢٠

Designed and developed by AVESTA GROUP