چۆن لەهاوسەرگیری تێ بگەین؟
هاوسەرگیری یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکانی هەر
تاکەکەسێك لە ژیانیدا کە خالی دەستپێکە بۆ دروستکردنی خێزان و پەروەردەکردنی منداڵ
و پەیداکردنی خزمایەتی. بۆ چۆنیەتی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری و ئەگەر و کۆسپەکانی
لە ڕوویی یاسا و کۆمەڵگەوە وەڵامی پرسیارەکانمان لە پارێزەر، توێژەری کۆمەڵایەتی و
گەنجانی هەردوو ڕەگەز وەرگرت:
پارێزەر هێشوو هۆشیار لە وەڵامی ئەم
پرسیارانەدا دەڵێت :
جیاوازی لە نێوان مارە بڕینی ئاینی و مارە
بڕینی یاسایی لە دادگا چیە ؟
لەو مەرجانەی باسکرا بۆ دوستبوونی گرێبەندی هاوسەرگیری گەر بێنە دی هاوسەرگیریەکە دروست دەبێت واتە مەرج نیە بۆ ودروستبوونی حەڵاڵی و لەڕووی شەرعەوەلە نێوان هاوسەراندا دەبێت لە لایەن دادگاوە بێت، بەڵکو زیاتر لە کلتووری کۆندا پێش ئەوەی یاسا بیکاته مەرج کە دەبێت هاوسەرگیری لە دادگادا بکرێت بۆ دروستبوونی ئاسەوارە یاساییەکان و جێگیر بوونی نەسەبی منداڵ و لێکەوتە یاساییەکانی دیکە ، زۆربەی هاوسەرگیریەکان لەلایەن مامۆستای ئاینیەوە ئەنجام دەدران، بەڵام بە پێی یاسای باری کەسی بەرکار پێویسته لە ئێستا گرێبەندی هاوسەرگیری لەلایەن دادگاوە بێت وە پێچەوانەی ئەوە سەرپێچیکار ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
لە کاتی بوونی هاوسەرگیری دادگاکان چۆن
مامەڵە دەکەن؟
ئەو شێوازەی ئێستا پەیڕەوی لێ دەکرێت لە دادگا کاتێک لایەنەکان دەیانەوێت هاوسەرگیری ئەنجام بدەن سەرەتا پێویسته فۆرمێکی داواکاری گرێبەستەکە پڕ بکەنەوەو پاشان لەلایەن دادگاوە نووسراو ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی باری کەسی دەکات بۆ زانینی باری کەسی لایەنەکان پاشان ئاراستەی پشکنینی پزیشکی دەکرێن گەر ئەم ڕێکارانە بە درووستی هاتنە دی ئەوا دادوەر پەسەندی گرێبەستەکە دەکات و ئاسەوارە شەرعی و یاساییەکانی لێ دەکەوێتەوە.
هۆکارەکانی جیابوونەوە چین ؟
ئامارەکان بەردەوام دەڵێن کە ڕێژەی جیا بوونەوە بە بەراورد بە ڕێژەی هاوسەگیری زیادی کردووە کە ئەمەش هۆکاری تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیە. دەتوانین بڵێین هۆکارگەلێک هەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی خێزان و گرێبەندی هاوسەرگیری کە دەتوانین پۆلێنی بکەین بەسەر دوو کۆمەڵە هۆکاردا:
- هۆکارە
تەقلیدییەکان: وەک زۆرێک لەشرۆڤەکارانی بواری کۆمەڵایەتی ویاسایی ئاماژەیان بەم
هۆکارانە داوە کە بریتیە لە خراپی دۆخی ئابووری خێزانەکان و نەبوونی بەرپرسیاریەتی
بۆ ئەستۆگرتنی ئەو پرۆسەیەو نەبوونی زانیاری تەواو دەربارەی لایەنی دەروونی و
فیسیۆلۆجی ژن و پیاو، هەروەها دەستەوەردان و بوونی لایەنی سێیەم هۆکاری سەرەکیە لە
ئەمڕۆدا بۆ جیابوونەوەی خێزانەکان و نەبوونی مەنهەنجێکی خوێندن لە یەکێک لە
قۆناغەکانی خوێندندا دەربارەی گرنگی ئەو پرۆسەیە.
- هۆکاری هەنووکەیی : لە پاش کرانەوەی کۆمەڵگەو زیاد
بوونی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا بە،شێوازێکی گشتی کاریگەری کردە سەر پەیوەندیە
کۆمەڵایەتیەکان و لێکترازانی خێزان بە تایبەتی ئەمەش بە هۆی سەرقاڵ بوونی
ئەندامانی خێزان بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی ناپاکی هاوسەرگیری و تێکچوونی
بەها کۆمەڵایەتییەکان بە شێوازێکی سلبی و کاریگەریان لەسەر کۆی ژیان و خێزان و
کۆمەڵگە.
توندوتیژی دژی ئافرەت یەکێکە لە پرسە
کۆمەڵایەتیی گەورە ، بێ گومان ئەمەش دەبێتە یەکێك لە هوکارەکانی جیابوونەوە ،
بەڵام لە یاسادا چۆن مامەڵە دەکرێت ؟
توندوتیژی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی - جیهانییەو هیچ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی لێی بێبەر نەبووە بەڵام ڕادەی توندوتیژی و بوونی یاسا و کلتوورەکان لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە لە گۆڕاندایە، لەم نێوەندەدا توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان لە کۆنەوە تا ئێستا بەردەوامی هەیەزەبرو زەنگ و ئاسەوارەکانی ڕەگ و ڕیشەیان داکووتاوە بەڵام خۆشبەختانە بە کاتێک یاسای توندوتیژی خێزانی دانرا تا ڕادەیەکی باش لێپێچینەوەی یاسایی بەرامبەر کەسی دەستدرێژیکار ئەنجام دەدرێت پشت بەست بە یاسای توندوتیژی خێزانی ژمارە 8 ی ساڵی 2011 کە تیایدا بڕیار دراوە لەسەر پێکهێنانی دادگای تایبەتمەند و کۆمەڵێک کرداری دیاری کردووە کە دەچنە خانەی توندوتیژیەوە:
1- زۆر لێكردن لە هاوسەرگیری.
2
-هاوسەرگیری ژن بە ژنو بە شوودانی بچووك.
3- بەشوودان لە بری خوێن.
4-تەڵاقدانی بە زۆر.
5-بڕینی پەیوەندی خزمایەتی.
6-زۆر لێكردنی مێرد لە ژنەكەی لەسەر لەشفرۆشیو
داوێن پیسی كردنە پیشە.
7-خەتەنەكردنی مێینە.
8-ناچاركردنی تاكەكانی خێزان لەسەر وازهێنان
لە فەرمانبەریەتی یان كار بەبێ ڕەزامەندی خۆیان.
9-ناچاركردنی مناڵان لەسەر كاركردنو دەرۆزە
كردنو وازهێنان لە خوێندن.
10-خۆكوشتن بەكاریگەری توندوتیژی خێزانی.
11-لەبار بردن بەكاریگەری توندوتیژی خێزانی.
12-لێدانی تاكەكانی خێزانو مناڵان بەهەر
بیانوویەك.
13-ڕیسواكردنو جنێودانو جنێودان بە كەسو
كار وبەرەو ڕوو تەماشاكردنیان بەكەمو ئازاردانو پیادەكردنی گوشاری دەروونی
لەسەریو پێشێل كردنی مافەكانیو بەزۆر سەرجێی كردنی هاوسەریەتی.
وە زیانلێکەووتو لە توندوتیژی مافی پاراستنی
لە لایەن دادگاو دەزگای تایبەتمەندەوە پێدەدرێت و لەیاساکەدا سزای سەرپێچیکاری
دیاری کردوو و هاوپێچ بە بوونی یاساو دادگای تایبەتمەند زۆرێک لە توندوتیژیەکان کە
بەرامبەر ئافرەتان ئەنجام دەدرێن مۆرکێکی شاراوەییان پێوە دیارە کە لەبەر کلتووری
کۆمەڵایەتی زۆرێک لە قوربانیان پەنا بۆ بێدەنگی دەبەن و ڕێگایی یاسایی ناگرنە بەر.
رووناك عوسمان، توێژەری کۆمەڵایەتی دەربارەی
هاوسەرگیری دەڵێت: هاوسەرگیری یەکێکە لە قۆناغە گرنگەکان لە ژیانی هەر تاکە کەسێكدا
و هەر تاکێکیش لە ژیانیدا بە سێ قۆناغدا دەڕوات کە دوانیان بە بێ ئیرادە خۆیەتی
ئەوانیش لە دایك بوون و مردنن، بەڵام هاوسەرگیری بە ئیرادەی تاکە کەس خۆیەتی، ئەو کەسە
دێتە هەڵبژاردن کە دەزانێت ئاسودە دەبێت لەگەڵی هەرچەندە ئەستەمە کەسێك هەبێت سەدا
لە سەد گونجاو بێت لەگەڵ مروڤ بەڵام ئەو کەسە هەیە کە نزیك بێت لە کەسایەتی خۆی. گونجاوترین تەمەن بۆ هاسەرگیری لەکچاندا ٢٠ تا
٢٥ ساڵە و بۆ کوڕان ٢٥ تا ٣٠ ساڵ لەبەرئەوە لەم تەمەنەدا مروڤ دەگاتە قۆناغێکی ئامادەبوو
بۆ ژیان.
چەندین هۆکار هەیە دەبنە ئەگەری جیابوونەوە
لەنێوان هاوسەرەکاندا لەوانەش ئاشنا نەبوون بە کەسایەتی یەکتر لە قۆناغی پێش
هاوسەرگیری، باری ئابووریش یەکێکە لە هۆکارەکانی جیابوونەوە کە تایبەت ژن هاوکار نەبێت
بۆ هاوسەرەکەی. هەروەها هەبوونی پەیوەندی خوشەویستی جگە لە هاوسەرەکەی هۆکارێکی
ترە. تەداخولی کەسانی دیکە هۆکارێکی گەورەیە و دەتوانێت پرۆسەی هاوسەرگیریی بە کۆتایی
بێنێت.
گەنجانیش بۆچوونی خۆیان هەیە دەربارەی
گونجاوترین تەمەن بو پێكهێنانی ژیانی هاوسەرگیری و هەڵبژاردنی هاوسەر لە لایەن
دایك و باوک یان خودی خۆیانەوە ، یاخود گرنگی ئاستی خوێندن و کاریگەری کومەڵگە
لەسەر هەڵبژاردنی هاوسەر.
ساوێن خالید، قوتابی زانکۆ پێیوایە تەمەنی
هاوسەرگیری بۆ کچان و کوران مەرج نیە بە
پێی تەمەن بێت، بەڵکو پێگەیشتنی عەقڵیش
دەور دەبینێت لەم پرۆسەیە، بەڵام بەپێی نوێترین توێژینەوەکان تەمەنی 24 ساڵی تا
تەمەنی 32 ساڵی تەمەنێکی زۆر گونجاوە بۆ
هاوسەرگیری وە سەرکەوتوترین هاوسەرگیرییەکان لەو تەمەنانەدا بووە چونکە هەم جەستە
و هەم عەقڵ و هەم لایەنی دەروونی لەو تەمەنە توانای رووبەروبونەوەی گۆرانکارییەکانی
هەیە .
ئەگەر کەسێک بیەوێت داوای هاوسەرگیریم لێ
بکات دەبێت بەپێی پێوەرەکانی خۆم بێت، بەڵام رای دایک و باوکیشم لەوەیا زۆر گرنگە
وەک کچێک هەموو خێزانی خۆمان دەناسین وە دەزانین چ پێوەرێکیان لا پەسندە لەو کەسەدا
کە دەیەوێت ژیانی هاوبەشمان لەگەڵ دروست بکات، وە منیش گرنگی بە پێوەرەکانی خۆم و
خاڵە ئەساسیەکانی خێزانەکەشم دەدەم بەڵام بریاری کۆتایی بۆ هەلبژاردنی هاوسەر
لەدەستی خۆمدا دەبێت.
بڕوانامە گرنگە بۆ هاوسەرگیری بەڵام لە بڕوانامە
گرنگتر ئاستی رۆشنبیری کەسەکەیە چونکە
مەرج نیە ئەوەی بڕوانامەی هەبێت رۆشنبیر بێت، گرنگە ئاستی تێگەیشتن و ئارەزوو و بەهاکانی مرۆڤ
لەیەکتر نزیک بێت تاوەکو بتوانیت کەمترین کێشەت بۆ دروست بێت. هەر کەسێک پێویستە
بۆ رەفتاروو بەهاکان رێژەیەک دانێت واتا چی دەوێت لەکەسی بەرامبەر گەر هاتو ئامانج
و بەهاکان %65 گەیشتن بەیەک ئەوە رێژەیەکی زۆر باشە، چونکە دەتوانن هاوسەنگی
درووست بکەن یەکێک هەندێک لەبەهاکانی خۆی بێتە خوارەوە ئەوەی تر هەندێک لەبەهاکانی
بباتە سەرەوە بەم شێوەیە رێژەکە دەکاتە %90 ئەمەش رێژەکی بەیەکەوە گونجانی باشە
ئەو%10 ی کە دەمێنێتەوە دەبێتە جیاوازی تاکایەتی و دەبێت هەردوو لا رێز لەو جیاوازیە
بگرن و یەکتر قبولبکەن بەو شێوەی کەهەن.
وەکو کچێک کە لەناو کۆمەڵگە دەژیم کاریگەری کۆمەڵگەشم
لەسەر دەبێت، بەڵام دواجار بەو پرەنسیپانەی کە لای خۆم گرنگە بڕیار دەدەم دەتوانین ئەو پرەنسیپانەی جوانن
لەکۆمەڵگە گرنگی پێبدەین ئەو پرەنسیپانەی
جێگای قبوڵکردن نین بۆ باری ئێستا لایەندەین.
هەروەها قوتابیەکی تری زانکۆ بە ناوی ئەحمەد
صابر بەم شێوەیە بۆچونی خۆی دیاری دەکات: هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی تەواوکارییە لە
نێوان هەردوو رەگەز وەک کایەکی سەرەکی ژیان و بەردەوامیدان پێی وپتەوکردنی
پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانە لە کۆمەڵگەدا. تەمەنیش وەک یەکێک لە پێوەرەکان بۆ
دیاریکردنی کاتی هاوسەرگیری گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە لای هەردوو رەگەز ،
بەڕای من مرۆڤ ئەو کاتە دەبێت بڕیاری هاوسەرگیری بدات کە لە هەرسێ لایەنی
(جەستەیی،دەروونی،ئابووری)پێگەیشتبێت، چونکە هەریەکێک لەم سیانە پێگە وبناغەی
هاوسەرگیریە و کاریگەری لەسەر تەواوی ژیانی هەردوولادا دەبێت، بەڵام وەک تەمەن بە
ژمارە بۆ کەسێکی تەندروست و دەرووندروست کە بۆ هاوسەرگیری ئامادە بێت بە پێی
زۆربەی توێژینەوەکان لە کچاندا لەنێوان 20 بۆ 25 ساڵیدا ، بۆ کوڕانیش لە نێوان لە
22 ساڵی بۆ 28 ساڵی تەمەنێکی گونجاوە. بە گشتی و بەڕای خۆشم وە بە پێی زۆر بەی
لایەنەکانی تەندروستی و یاسایی و کۆمەڵایەتیەوە بۆ هەردوو رەگەز لەسەر و بیست
ساڵیەوە تەمەنێکی گونجاوە بۆ هاوسەرگیری.
چاکترین و باشترین جۆری هاوسەرگیری ئەو
هاوسەرگیرییە کە بەتەواوی رەزامەندی هەردوولای لەسەربێت، بە نسبەت خۆمەوە
بەبێگومان رەزامەندی خۆم و هەڵبژاردنی خۆم بۆ ئەو کەسەی کە دەمەوێت ژیانی
هاوسەرگیری لەگەڵ پێکبێنم پێش هەموو بڕیار و کەسێکە، بەڵام بێگومانیش رای ماڵەوەم
وەردەگرم لە هەڵبژاردنی ئەو کەسەی کە خۆم هەڵی دەبژێرم ، بەڵام دوا بڕیار لەدەستی
خۆمدا دەبێت چونکە هاوسەرگیری لە نێوان من و ئەو کەسەدادەبێت بۆ پڕۆسەیەکی ماوە
درێژ لەگەڵ یەکتردا، بۆیە رەزامەندی ئێمە پێش رەزامەندی دایک و باوکمانە، بەڵام
خێزانیش گرنگە و مرۆڤ کەسێکی کۆمەڵایەتیە ناتوانێت بە تەنها بژیت وە پێویستیشی بە
راوێژی بەردەوام هەیە لە ژیانیدا بەتایبەت کەسە بە ئەزموونەکانی ژیان وەک دایک و
باوک.
بڕوانامە
وەک پێوەرێکی رۆشنبیری و تێگەشتنی زیاترلە ژیان گرنگە لە ژیانی هاوسەرگیریدا، بەڵام
وەک پێداویستیەکی سەرەکی بۆ ژیانی هاوسەرگیری پارچە کاغەزێک ئەوەندە گرنگ نیە. وەک
خۆم گرنگی زۆر زیاتر بە ئاستی تێگەیشتنی کەسەکە دەدەم و نەوەک بڕوانامەکەی یاخود
پلەی ئەکادیمیەکەی. بەڵام رێژە تەندروستەکەش وەهایە ئەو دوو کەسەی کە هاوسەرگیری
دەکەن لە ڕووی ئابووری،ژینگەی کۆمەڵایەتی،رۆشنبیری، پلەی زانستی گەر هەبێت،...هتد،
لە یەکتر نزیک بێت، چونکە تا چەند ئەم خاڵانە لە یەکترەوە نزیک بێت ژیانیان
جێگیرتر و ئاسودەتردەبن.