​ سەرنجێک دەربارەی پاڵنەرەکانی هەڵبژاردنی هاوسەر

رێنمایی پێش هاوسەرگیری
23/09/2020


بەر لەوەی باس لە پاڵنەرەکانی هاوسەرگیری بکەم، بەپێوستی دەزانم ناساندنێک کورت بۆ چەمکی هەڵبژاردنی هاوسەر و هاوسەرگیری بکەم.

هەڵبژاردنی هاوسەر: دەکرێت سەیری هەڵبژاردنی هاوسەر بکرێت، وەك: ئەوەی نێوەی جەنگە ، زۆربەی کات کەسەکان وەك خۆیان هەڵسووکەوت ناکەن، بەڵکو کەسایەتی خۆیان دەگۆرن لەکاتی هەڵبژاردنی هاوسەر بۆیە دەڵێن نیوەی جەنگە.

  هاوسەرگیری: گرێبەستێکە لە نیوان ژن و پیاو، لە بەردەم یاساو شەرع ، ئامانجیان دروستکردنی خێزانە  لەسەر بنەمای بەزەیی و خۆشەویستی یان هاوسەرگیری بریتییە لە پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی دانپێنراو لە لایەن تاکەکانی کۆمەڵگە. کە ڕەگەزی نێر و مێ  تیایدا ژیان بەیەکەوە دەبەنە سەر و ڕازی بون بەوەی کە ژیانیان بەیەکەوە ببنە سەر، لەسەر بنەمای دابونەریتی دیاریکراو لەبواری هەڵبژاردنی هاوسەری ژیان، یەك بۆ ئەوی دیکە کە لە ناو کۆمەڵگەدا دانی پێنراوە. 

   چەندین هۆکار و پاڵنەری گرنگ هەن بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەری : هاوسەرگیری بەشێوەیەکی لەخۆوە و سروشتی نابێت، جۆرێك نیە لە ڕەفتاری زکماکی. کە ناو دەنرێت حەز و ئارەزوو، بەڵکو سیستەمێکە، واتا کۆمەڵێ دابونەریت و نۆرم لە خۆ دەگرێت. حەزی سیکسی تەنها پاڵنەرێکە لە پاڵنەرە جەوهەریەکان. کەواتە خەڵك لەبەر چەندین پاڵنەری دیکە هاوسەرگیری ئەکەن وەك: ئاڵوگۆرکردنی خۆشەویستی و بونی ماڵی سەربەخۆ، منداڵ و بەدیهێنانی چەندین خەونی لاویەتی و ڕاکردن لەتەنهایی، یاخود دەست کەوتنی سەروەت و سامان.

هەروەها بۆ زانین و ئاشنابوون بەنهێنییەکانی ژیانی هاوسەرێتی، هەندێ لەتاکەکان ڕوودەکەنە پرۆسەی هاوسەرگیری، بۆ ڕزگاربوون لەخراپی بارودۆخی ناو خێزان. یان سەیرکردنی هاوسەرگیری وەکو شتێکی سروشتی ژیان. لەلایەکی دیکەشەوە خۆشەویستیش پاڵنەرێکە بۆ هاوسەرگیری، هەروەها ناوبانگ و گەیشتن بەبارێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو هۆکارە بۆ هاوسەرگیری.

خەڵک هاوسەرگیری دەکەن لەبەر ئەوەی نەریتێکی کۆنە و بە بۆماوەیی بۆیان ماوەتەوە و لەسەری ڕاهاتوون، ئاینییش پاڵنەرێکی زۆر کاریگەرە بۆ هاوسەرگیری،چونکە موسڵمانان  بە هاوسەرگیری نیوەی ئایینیان دەست دەکەوێت.  ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی پاڵنەرن  بۆهاوسەرگیری، بەڵام لە ڕۆژگاری ئێستای کۆمەڵگەی خۆماندا چەندین پاڵنەری دیکەش هەن  وەک لاساییکردنەوە سەیری هاوسەرگیری دەکەن.

 هەروەها بۆ بڵاوکردنەوەی وێنەی هاوسەرگیریان لەتۆرەکۆمەڵایەتیەکان، کەواتە تێرکردنی ئەو پێداویستانە دەبێتە هۆی  بەدیهێنانی خۆشی و گونجانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی . وەکو ئەوەی پاڵنەری هاوسەرگیری بۆ پیاو لە ئافرەت زۆرترە ، چونکە هاوسەرگیری دەبێتە هۆی پابەندبوون بە خێزان و بەهێزبوونی پەیوەندی کۆمەڵایەتی . لەبەر ئەوەی هاوسەرگیری دەبێتە هۆی گونجانی تەندروستی و کۆمەڵایەتی لای هەردوو ڕەگەز بەبێ جیاوازی . بەپێی توێژینەوەی ( جیسی برنارد ) لە ساڵی (١٩٧٢) ، دەرکەوتووە پیاوان زیاتر سوودمەندن لە پرۆسەی هاوسەرگیری ، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی باشتربوونی باری دەروونی و تەندروستیان لە ئافرەت .  


ئەڤین ئەحمەد قادر
پسپۆڕ لە کۆمەڵناسی خێزان و مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەددین.

Designed and developed by AVESTA GROUP