دەمەوێت کاری خۆبەخشی بکەم بە کلتور

كاری دەست
21/09/2020

کچێکی دەست ڕەنگین لە شارۆچکەی سۆران نزیکەی ٣٥٠ی ماسک دروست دەکات و بەدیزانێکی سەرنج راکێش دەیاننەخشێنێت و بە خۆبەخشی لەگەڵ هاورێکانیدا بەسەر خەڵکی دەڤەرەکەیدا دابەشی دەکات.
خاتوو ئەحلام کە دانیشتوی شارۆچکەی سۆرانە و  دەرچووی پەیمانگایە، دوای تەواوبوونی خوێندنی دەستی  کردووە بە کاری دەستی و دیزاین، لە کارەکەیدا ئیش لەسەر بابەتی جۆراوجۆر دەکات و دیزاینیان بۆ دەکات، زۆربەی کارەکان بیرۆکەی خۆیەتی، هەندێک جاریش بە پێی خواستی کەسەکان کاری بۆ دیزاینەکانی دەکات.
جگە لەوە ئەندامی ناوەندی ئەنجومەنی سۆرانە لە ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و دەڵێت: مەبەستم خزمەتکردن و سودگەیاندنە بە ئافرەتانی دەڤەرەکەم.
ئەحلام باس لەئارەزوو و خولیای  کارەکەی دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە  دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرەتایی، دەڵێت: گرنگیدانی مامۆستای هونەر بە وانەکەی زۆر شتی فێرکردین یەکێک لە هونەرە جوانەکانی چنین بوو، زۆر هەوڵی فێربونم دەدا هەمیشە لە پێشانگایەکانی قوتابخانە داوام لێدەکرا بە زۆرترین کاری دەستی بەشدارببم لەگەڵ هەر شتێک نوسینێکی جوانم دەنوسی وەکو سرودی نشتیمانی ، پەند و ئامۆژگاری هتد... بەو شێوەیە بەردەوام هەوڵی فێربونم دەدا بەڵام پاڵپشتی و هاوکاری خێزانەکەم هەمیشە پاڵنەرن بۆ سەرکەوتن و خزمەت کردنم.
گرنگیدان بە ئەرکێکی نیشتیمان چەندە لای ئەو پیرۆزە، چۆن بیری لەم کارە جوانە کردەوە؟
ئەحلام دەڵێت: لە دوای بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بەرۆکی جیهانی گرتووە، بەداخەوە کوردستانیش بێبەش نەبوو لەو ڤایرۆسە مەترسیدارە، بۆیە بیرم لە دروستکرنی ماسکی نەخشێنراو کردەوە لەو تۆانایەی کە هەمە خزمەتێک پێشکەش بکەم بۆ زیاتر هاندانی خەڵک بە پابەندبونییان بە رێنماییەکانی خۆپارێزی چونکە ڕێژەی مردن روو لە زیادبوون دەکرد، وە لە کاتێکدا خەڵکانێک هەبوون توانای ئەوەی نەبوو هەموو ڕۆژێک ماسکێک بگۆڕێت سوپاس بۆ خوا بە خۆشحاڵیەوە خۆبەخشانە چەندین ماسکم لە قوماش دروستکرد و نەخشاندم بە شێوەیەکی جیاواز کە بتوانرێت ئەم ماسکە لە دوای بەکارهێنان بشۆردرێت و بەکار بهێنرێت، لە ئێوارەیەکی مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا بە هاوکاری هاورێیانم لە ئەنجومەنی سۆران زیاتر لە ٣٥٠ ماسکمان بۆ گەورە و منداڵان دابەش کرد.
لە ئێستاشدا بەردەوامم و بەردەوامیش دەبم تا کۆتایی هاتنی ئەو ڤایرۆسە تەنها ئامانجم سود گەیاندن و خزمەت کردنە، بەهیوای سەلامەتی و تەندروستیکی باش بۆ هەمووان هەروەها ئارەزوو دەکەم خۆبەخشی بکەم بە کلتور لە ڕۆژە سەختەکانی نیشتیمانەکەمدا.
پەخشان نەجیم

Designed and developed by AVESTA GROUP