دەتوانین لەو پەری ناشرینیەکانەوە جوانی دروست بکەین

كاری دەست
05/09/2021



ئەژین جەمیل دەرچوی کارگێری کاره‌ و فەرمانبەرە لە فاکەلتی یاساو زانستە سیاسیەکان و بەڕێوەبردن لە زانکۆی سۆران، ئەژین دەڵێت: ئەگەر چی چێژی ھونەرو ھونەرمەندانە و بینینی ژیان دەشێت لەھەمو مرۆڤێک داھەبێ، بەڵام ھەندێکجار ھەندێک پسپۆری ھەن کاتێک مرۆڤ چوە نێویانەوە، بە تایبەتمەندی بوارەکەو ووشکبونی مەوداکانی کارکردنی ئەو چێژە ھونەریە کەم دەبێتەوە. وە یەکێک لەو بوارانە یاسایە.
ئەژین یەکێکە لەو کەسانەی تایبەتمەندیەکانی بوارەکەی خۆی نەیانتوانیوە ئەو چێژە ھۆنەریەی بێ ھێز بکەن، ھەمومان کاتێک کەپرسیاری سەرچاوەی حەزی ئەنجامدانی کارێکمان لێ دەکەن یەکسەر دەگەرێینەوە بۆ سەردەمی مناڵیمان، بەڵام چیرۆکی ئەژین جیاوازە ئەژین دەڵێ چیرۆکی کارەکەی من جیاوازە لە زۆرێک لەوانەی سەرچاوەی حەزەکانیان دەگەرێننەوە بۆ سەردەمی مناڵی و بەردەوام دەبێ، بەڵام من بیرۆکەی ئەم کارەم بۆ چوار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەرێتەوە سەرەتا وەک شتێکی سادە دیزانم بۆ پێڵاوێك کرد، ھاورێکانم زۆریان پێ جوان بوو وایان دەزانی لەشوێنێکی تایبەت بۆم ھاتوە یاخود کریومە، ئەمەھاندەرێکی سەرەکی بوو بۆمن کە ھەست بکەم دەشێت ئەوە بەھرەی من بێت و پێویستە کاری لەسەر بکەم، ئیتر لەوێوە زیاتر گرنگیم بە بەھرەکەم دەدا زیاتر ھاورێکانم سەر سام دەبوون بۆیە زیاتر ھاندەری من بووکە بتوانم  گرنگیم بە کاری خۆم بدەم.
ئەژین دەڵێت: من ھەم کاری ریسایکلین دەکەم ھەم کاری دیزاین و دەڵێت ئەوەی یەکەم بۆمن زۆر گرنگە چونکە دەلێ ناشرین وکۆنەکان کۆتایی نین دەتوانین لەوپەری ناشرینی و کۆنیەوە جوانی بەرھەم بێنین بۆیە زۆر جار بە پشت بەستن بەو فەڵسەفەیە توانیومە بە نرخێکی زۆر کەم بەرھەمێکی زۆر باش و جوان بدەم بەدەستەوە.
ئەژین بەخەونی ھەبونی بڕاندی تایبەت بەخۆی خەریکی دڕێژە دان بە کارەکەیەتی ھیوای ئەوە دەخوازێ و کاریشی لەسەر دەکات تا سەرەرای پەرەدان بە کارەکەی کۆمەلە گەنجێکیش بخاتە سەر کارەوە وەک ئەژین دەلێ سەرەرای ئەوەی کە ئەو کارەی سودی مادی پێگەیاندوە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەو ئارامی و ئاسودەبونی دەرونیەیە بەکار کردن لەگەڵ ڕەنگەکان و بەدروستکردنی جوانیەکان بەدەست دێنێ، ئەوە جگەلەوەی کەباوەر بەخۆبونیشی زیاتر بۆ دروست بوە.
 سەبارەت بە ھۆکارەکانی سەرکەوتن ئەژین دەڵێت: ھەر کەسێک بۆئەوەی لەکارەکەی سەرکەوتو بێت پێویستە ھەمو بیرۆکەیه‌ک بەھەند وەرگرێ وە تواناکەنی خۆی دەست نیشان بکات و خاوەن حەزێکی ئاگرین بێت، بەسەرنجدان بە ئەزمونی خۆی و پەرەسەندنی کارەکەی پێزانینی خەڵکانی دەوروبەری ئەژین رو لەگەنجان دەکات و دەلێت ڕاستە کۆمەلگەکەمان گرفتی زۆرە ھەمومان کەم یان زۆر گرفتمان ھەیە،  بەڵام نابێ بەھانە بدۆزینەوە پێویستە ئەوە بزانین ژیان تا ئەو کاتە جوان وچێژ بەخشە کە ھەوڵ دەدەین و پەرە بەتواناکانمان دەدەین سەرکەوتن لە بەردەوامی وکۆڵنەدان دایە.
لە دوا قسەکەنیشی ئەژین پێی وایە سەرەرای توانای تاکەکان پێویستە دامەزراوەکانیش زیاتر گرنگی بەتوانای گەنجان بدەن و بواریان بۆ برەخسێنن و ڕێز لەبەھرەو تواناکانیان بگرن.


نازەنین عزیز

Designed and developed by AVESTA GROUP