لە مێژووی ئەمریکادا 34 ژن بۆ پۆستی سەرۆک و جێگری سەرۆک خۆیان بەربژێرکردووە

جیهان
03/11/2020

 هەرچەندە ئەمریکا بە سەرزەمینی دیموکراسییەت و یەکسانیی نێوان پیاوان و ژنان دادەنرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ژنێک پۆستی سەرۆکی وڵات یان جێگری سەرۆکی وڵاتی وەرنەگرتووە.

بەدرێژایی زیاتر لە 230 ساڵەی مێژووی سیاسی ئەمریکا تاوەکو ئێستا 23 ژن خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی و 11 ژن بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەربژێر کردووە، بەڵام هیچکامیان بە ئامانجی خۆیان نەگەیشتوون.

یەکەمین بەربژێری ژن ڤیکتۆریا کڵافڵن ودهەڵ بوو، کە لەساڵی 1872 وەک یەکەمین ژن لە ئەمریکا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پارتی ناسراوی ئەو دەمە، پارتی مافە یەکسانەکان بەربژێرکرد، بەڵام نەیتوانی متمانەی کۆمەڵەی دەنگدەرانی ئەمریکی بەدەستبهێنێت.

بێڵڤا لۆکود لە 1884 و دواتر لە 1888 لەسەر پارتی مافە یەکسانەکان خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەربژێرکرد، بەڵام لەبەردەم بەربژێرە کۆماری و دیموکراتەکان شکستی هێنا و رەزامەندی کۆمەڵەی دەنگدەرانی ئەمریکی بەدەستنەهێنا.

جگە لە ودهەڵ و لۆکود، 21 ژن لە ئەمریکا خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێرکرد و جگە لە هیلاری کلنتن، خانمی یەکەمی پێشووتری ئەمریکا هیچکام لەو بەربژێرانە نەیانتوانی متمانەی پارتەکەیان بەدەستبهێنن.

سەبارەت بە پۆستی جێگرانی سەرۆکی ئەمریکا، ماریتا ستەو یەکەمین ژن بوو کە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کرد، ئەوەش لە هەڵمەتی سەرۆکایەتی بێڵڤا لۆکود لە ساڵی 1884.

یەکێك لە دیارترین ژنانی ئەمریکا کە خۆی بۆ ئەو پۆستە بەربژێرکرد، سارا پالن بوو، ئەوەش لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی جۆن مەککەین-ی کۆماری لە ساڵی 2008دا.

لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمساڵیشدا کامالا هاریس بە جێگری جۆ بایدنی دیموکرات دەستنیشانکراوە و ئەگەر بایدن براوەی هەڵبژاردنەکان بێت، ئەوا هاریس دەبێتە یەکەمین ژن کە پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمریکا بەدەستدەهێنێت.

بەگوێرەی دوایین راپرسی ئەمریکی دەرکەوتووە نزیکەی 78٪ی دیموکراتەکان ئامادەیی زۆریان بۆ پەسەندکردنی ژنێک وەک سەرۆکی ئەمریکا پیشانداوە، لەکاتێكدا لە 51٪ی سەربەخۆکان هەمان ئامادەییان هەبووە و تەنیا لە 23٪ی کۆمارییەکان ئامادەن بۆ بینینی ژنێک لە کۆشکی سپی سەرۆکایەتیدا.





سەرچاوە: رووداو

Designed and developed by AVESTA GROUP