بەیاننامەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ٦٨ ساڵەی دامەزراندنیدا

کوردستان
10/12/2020

 
بەیاننامەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ٦٨ ساڵەی دامەزراندنیدا
جەماوەری کوردستان، ئافرەتانی خۆشەویست:

٦٨ ساڵ لەمەوپێش و لە ١١/١٢/١٩٥٢ لە هەلومەرجێکی سەخت و ناهەموار لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی بە فەرمانی ڕابەری شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان (بارزانی نەمر) و لەژێر سایەی (پارتی دیموکراتی کوردستان)دا بە هەوڵ و کۆششی دەستەیەک لە ئافرەتانی ئازا و ئازاد (یەکێتی ئافرەتانی کوردستان)دامەزرا و بوو بە پێشەنگ و بناخەی بزووتنەوەی ئافرەتان لە کوردستان. دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە و تێکەڵکردنی پرسی ئازادی ئافرەت بە پرسی ڕزگاری نیشتمانی؛ پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ کامڵکردنی ئەو بزاڤە و نەخشەڕێژکردنی وەک بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی مرۆڤدۆست؛ وەک میراتی بیری دادپەروەری و یەکسانی ڕەسەنی کوردایەتی دژ بە سیاسەتی شۆڤێنی و سەپاندنی کولتوری پیاوسالاری. لەو دەمەوە تا کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و ڕێکەوتننامەی یانزەی ئازار؛ یەکێتی ئافرەتان ڕۆڵێکی کاریگەری لە گەشەپێدانی هزری نەتەوەیی، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە بارەی ئامانجەکانی شۆڕش، هۆشیارکردنەوەی ئافرەتان بە ماف و ئەرکەکانیان، هەبووە. هەروەها فاکتەرێکی سەرەکی بووە بۆ بەشداری ڕاستەوخۆی ئافرەت لە شۆڕش.
(یەکێتی ئافرەتانی کوردستان)، پێ بەپێ لەگەڵ هەموو قۆناخەکانی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستان پارێزگاری لە ئامادەیی ئافرەت لەو بزاڤەدا کردووە. ڕاپەڕینی شکۆداری گەلی کوردستان وێستگەی گۆڕانکاری بوو بۆ ڕێکخراوەکە لە شێوازی خەبات و ئامانج و میکانیزمی کار، لەو قۆناخەدا یەکێتی ئافرەتان هاتەوە نێو نیشتمان و تێکۆشا بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی سیاسەتی ڕژێمی بەعسی شۆڤێنی لەسەر باری کۆمەڵایەتی کوردستان و گرتنەبەری خەباتی مەدەنی لە پێناو بەشداری ئافرەت لە دامەزراوە سیاسی و یاسایی و کارگێڕییەکان و هەمواری ئەو ماددە یاساییانەی دژ بە مافەکانی ئافرەت بوون و ڕەوایەتییان بە کوشتنی ئافرەت دەدا لەژێر پاساو و بنەمای نامرۆڤانە و نالۆژیکی. بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی یەکێتی ئافرەتان و بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ئافرەتان بە گشتی و سەرجەم دەنگە مرۆڤدۆست و ئازادیخوازەکان؛ وەرچەرخانێکی گەورە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و کولتوری بەدیهاتوون و ئافرەت ئامادەییەکی بەرچاوی لە گشت جومگەکانی ژیان هەیە؛ هەرچەند ئەوەی بەدەستهاتووە تەنها بەشێکە لە خواست و داواکارییەکانمان و هەرگیز هاوئاست نییە بە ڕێژە و توانا و لێهاتوویی ئافرەت، بەڵام دەتوانین بە شانازییەوە بڵێین؛ دەسکەوتی مەزن بەدەستهاتوون و هەنگاوی زۆرمان بڕیوە و تەوقی داب و نەریتی کۆنەپارێزمان شکاندووە.  
یەکێتی ئافرەتان؛ لە دواین کۆنگرەی خۆیدا دروشمی(هاودەرفەتی، هاوبەشی و هاوسەنگی) کردووەتە ڕێنمای تێکۆشانی و بڕوای تەواوی بەوە هەیە؛ کە ئەگەر دەرفەت بڕەخسێ لە ژینگە و ئامرازەکانی پەروردە و پێگەیاندن؛ ئافرەت توانای داهێنان و سەرکەوتنی ئەگەر لە ڕەگەزی بەرامبەر زیاتر نەبێت، بێگومان کەمتر نییە!، بە ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان؛ هاوبەشی لە ئەرک و ماف و بەرپرسیاریەتی؛ دواتریش هاوسەنگی و هاوبەهایی بەدی دێ. هاوکات تواناسازی ئافرەتی کردووەتە ئامانجی سەرەکی و لە سۆنگەی ڕێکخراو؛ پێگە و هەلومەرجی ئافرەت؛ پێودانگی، ئەو ئاستی پێشکەوتن و شارستانیبوونەیە کە کۆمەڵگە پێی دەگات. هەر کۆمەڵگە و وڵاتێک بەشداری هاوتا و هەمەبوار و هەمەئاست بۆ ئافرەت نەڕەخسێنێ، کۆمەڵگەیەکی بەجێماوە لە ڕەوتی پێشکەوتن. تواناسازی وەک پرۆسەیەک بۆ بەهێزکردنی ئافرەت، شاڕێی گەیشتنە بە یەکسانی، هەربۆیە ڕێکخراوەکەمان تواناسازی ئافرەت وەک پێشمەرجێک بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەبینێ.
یادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەمان لەمساڵدا هاوکاتە لەگەڵ بارودۆخێکی ناهەموار؛ بڕینی بەشە بودجە و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت؛ هەرێمی کوردستانی خستووەتە نێو بارودۆخێکی سەخت و  بەشێکی زۆری ئاڵەنگارییەکانی ئەو بارودۆخەش لەسەر شانی ئافرەت کەوتووە. بە دڵنیاییەوە ڕێکخراوەکەی ئێمەش کاریگەرە بەو بارودۆخە. بەڵام لە سۆنگەی بڕوامان بە پرسی ئافرەت و پابەندیمان بە پرەنسیپەکانی کاری ڕێکخراوەییمان و وابه سته‌یی بێ سنوورمان بۆ نیشتمان؛ لە هەموو کات زیاتر پابەند و پێداگرین، هاوکات بە هەموو توانامان پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە و سەرکەوتن لەم هەورازە.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پشتیوان بە وتەی ڕابەری نەتەوەییمان سەرۆک بارزانی کە لە کۆنگرەی حەوتەمی ڕێکخراوەکەمان لە ساڵی ٢٠١٠ بە ئافرەتانی کوردستانی ڕاگەیاند: ((ئێوە شەڕ بۆئازادی و مافی خۆتان بكەن، بەڵێنتان پێدەدەین وەكو سەربازێك لەژێر بەرپرسیارێتیی ئێوەدا بین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانتان)) لە تیکۆشان بەردەوامە؛ تا گەیشتن بە تەواوی ئامانجەکانی بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و پێشکەوتوو.
 سڵاوی ڕێزو ستایش لە دایک و هاوسه‌رانی شەهیدانی کوردستان. سڵاوی یەکسانی لە گشت ئافرەتانی کوردستان و هاوبیرانمان لە پیاوانی یەکسانیخواز .سڵاو له‌ سەرجەم کادر و ئەندامانی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان؛ ئەوانەی بە درێژایی کاروانە پڕ سه‌روه‌رییه‌ی ساڵانی خەبات، بەردەوامییان بە تێکۆشانی ئەم ڕێکخراوە داوە و ئەوانەش کە ئێستا ئاڵاکەیان لە دەستە. درود بۆ ڕۆحی هەموو ئافره‌ته‌ شه‌هیده‌كانی ڕێگای ئازادی كوردستان و هه‌موو ئەو ئافرەتانەی بوون بە قوربانی نەریتی شه‌ره‌فپارێزی و هزری توندئاژۆ.          


یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان
10ی 12ی 2020      


Designed and developed by AVESTA GROUP