نانسی پیلۆسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرایەوە

جیهان
04/01/2021

جارێکی دیکە نانسی پیلۆسی لە پارتی دیموکراتی ئەمریکا، بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە، پاش ئەوەی زۆرینەیەکی لاوازی دەنگەکانی ناو کۆنگرێسی بەدەستهێنا. میدیای ئەمریکاش باس لە دابەشبوونی قووڵی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەکەن.

نانسی پیلۆسی یەکەم ئافرەتە لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەو پۆستە وەردەگرێت، ئەوە چوارەم جاری لەسەریەکیشە بۆ هەمان پۆست هەڵدەبژێردرێتەوە؛ تەمەنی 80 ساڵە، لە کالیفۆرنیا لەدایکبووە، بەشێوەیەکی سەرسەختانە رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووەوە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە و پرسی دیکەشدا.

لە دەنگدانی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، پیلۆسی 216 دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا، لە بەرامبەر 209 دەنگ کە کیڤن مککارسی، رکابەری ئەو لە پارتی کۆماری بەدەستیهێنا. سەرجەم ئەندامانی ئامادەبووی پارتی کۆماری لە دەنگدانەکەدا، دەنگیان بە مککارسی دا، لەکاتێکدا پێنج ئەندامی پارتی دیموکرات، دەنگیان بە پیلۆسی نەدا.

ژمارەی کورسییەکانی ئەنجوومەنەکە کە 435 کورسییە، هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ساڵی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا، نوێکرانەوە.

بابەتی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پیران بۆ ئێستا بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە، لە چاوەڕوانیی هەڵبژاردنە لاوەکییەکانی ویلایەتی جۆرجیا، کە لەو هەڵبژاردنەدا پارسەنگی هێز و زۆرینەی دیموکرات یان کۆمارییەکان بەسەر ئەنجوومەنەکەدا دەردەکەوێت، ئەوەش هاوکات دەبێت لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆ بایدن، وەکو سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە 20ی ئەم مانگەدا.

لەکاتێکدا کۆنگرێس خۆی بۆ ویلایەتێکی نوێ ئامادە دەکات، تاوەکو ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای وڵات، دان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا نانێت و گومانی لەسەر سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە.

ترەمپ رۆژی 3ی کانوونی دووەمی 2021 ئاشکرایکرد، ئامادەی خۆپێشاندانێکی ناڕەزایی دەبێت لە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە 6ی ئەم مانگەدا، لە واشنتن.

هاوکات حەوت ئەندامی پارتی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ناڕەزایەتی خۆیان لە دژی 150 ئەندامی دیکەی هەمان پارت دەربڕی، بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.

Designed and developed by AVESTA GROUP