به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی منداڵانه‌وه‌، یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان
01/06/2021

بەبۆنەی ١ی ٦ رۆژی جیهانی منداڵانەوە، جوانترین پیرۆزبایی لە منداڵانی خۆشەویستی كوردستان دەكەین و هیوای ژیانێكی پڕ لە ئاسودەیی و خۆشییان بۆ دەخوازین.
ئەم ڕۆژە بەمانای یادخستنەوەی تاكێكی گرنگی خێزان وكۆمەڵگە دێت كە پێویستە لەسەر بنەمای پەروەردەیەكی دروست و عەقڵیەتێكی پێشكەوتوو بنیاد بنرێن و سەرجەم ماف و پێداویستیەكانیان بۆ فەراهەم بكرێت.
دروستكردنی جیهانبینی منداڵ و پێگەیاندنیان، ئەركی سەرشانی ئێمەیە بتوانین لەسەر ئەو دوو بنەمایە پەروەردەیان بكەین و بە بەرپرسیارێتیەوە بەرەو ئایندە ئاڕاستەیان بكەین، ئەوانن دەبنە پێكهێنەر و بەردەوامیدان بە پێشكەوتن و گەشەپێدانی لایەنی كلتوری و كۆمەڵایەتی و فكری و سەرجەم بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگە، لەم سۆنگەیەوە كە دەبێت هەوڵی پێگەیاندن و پەروەردەكردنیان، هەوڵی سەرجەم جومگەكانی كۆمەڵگە بێت .
خزمەتكردن و دابینكردنی ژیانێكی خۆشبەخت، مافێكی بنەڕەتی خۆیانە كە لەچوارچێوەی خێزانێكی ئارام و كۆمەڵگەیەكی ئاسودەدا ژیان بەسەربەرن و، بێبەشنەكرێن لەخوێندن و فێركردن، و نەخرێنە ژێر باری سەختی ژیانەوە و ناچار بە كاركردن نەكرێن، بەپێچەوانەوە دەبێت لەڕووی پێگەیاندنی زانست و مەعریفەوە هەوڵی تەواویان بۆ بدرێت، بۆئەوەی لەئایندە نەوەیەكی خاوەن هەستی بەرپرسیارێتی نیشتمان و وڵاتیان تێدا بنیاد بنرێت و بتوانن بەرژەوەندییە گشتیەكانی ئەم كۆمەڵگەیە بپارێزن، هەمیشە لە خەمی پێشكەوتن و گەشەسەندنی دابن.
جارێكی دیكە ئەم یادە لەمناڵانی ئازیز پیرۆز دەكەین و ئومێدی ئایندەیەكی گەش و جیهانێكی پڕ موحیبەتیان بۆ دەخوازین.
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
١ی حوزەیرانی ٢٠٢١




Designed and developed by AVESTA GROUP