کچێکی کورد خەڵاتی شاژنە دیانای بۆ ساڵی 2021 پێدرا

جیهان
29/06/2021

 کچە کوردێکی رۆژئاوای کوردستان لە ئەڵمانیا خەڵاتی شاژنە دیانای بۆ ساڵی 2021 پێدرا، کە یەکێکە لە بەرزترین خەڵاتەکانی جیهان دەبەخشرێتە ئەو گەنجانەی خزمەتی کاری کۆمەڵایەتی و هەوڵە مرۆییە خۆبەخشییەکان دەکەن.

روودی عەلی، تەمەن 25 ساڵ، کە خەڵکی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەکو کچە کوردێک دڵخۆشم لەسەر ئاستی جیهان بتوانم خەڵاتێکی لەو جۆرە بەدەستبهێنم، بۆ من شانازییەکی گەورەیە".

روودی، کە لەساڵی 2015ەوە لە  شاری میونستەری ئەڵمانیا دەژیت دەڵێت شانازییەکی گەورەیە کە بووەتە یەکەم کەس لە ئەڵمانیا ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت و لە ئیڤێنتی دابەشکردنیدا هەردوو کوڕی شازادە دیانا ئامادە بوون.

روودی ئاماژەی بە هۆکاری وەرگرتنی خەڵاتەکە کرد و گوتی: "چەند ساڵێکە لەرێکخراوێکدا بەناوی ئافاق لە ئەڵمانیا خزمەتی پەنابەران دەکەم و لەگەڵ هاوکارانم کاری خۆبەخشی دەکەین و رێکخراوەکە منی دەستنیشانکرد بۆ ئەو خەڵاتە".


 
ئەو کچە کوردە باسی لەوەکرد بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی پەنابەران و ژنان و هەمیشە هەوڵەکانی بۆ سەربڵندیی کورد و بەرزکردنەوەی ناوی کوردە لە جیهاندا.
 

خەڵاتی شاژنە دیانا دەبەخشرێتە ئەو گەنجانەی کە کار لەسەر باشکردنی ژیانی خەڵک دەکەن، خەڵاتەکەلە ساڵی 1999 لەلایەن جۆردن براون. سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیاوە دامەزراوە و بەناوی شاژنە دیانا کراوە، ئەویش بەهۆی هەوڵەکانی ئەو شاژنەی بەریتانیا، کە رۆڵی هەبوو لە کارکردن بۆ باشکردنی ژیانی گەنجان.



سه‌رچاوه‌: رووداو

Designed and developed by AVESTA GROUP