د.ڤیان سلێمان: یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ سەرخستنی کاندیدە ئافرەتەکانی پارتی
لەنێو لیستی کاندیدانی پارتی بۆ پەرلەمانی عێراقدا ١٧ کاندیدی ئافرەت
ھەیە و سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانیش دەڵێت، ھەموو کاندیدانی ئافرەت لەنێو
پارتیدا شایستەی ئەوەن دەنگیان بدرێتێ و ئاشکرای کرد، ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی
کاندیدانی ئافرهت دەدەن.
د. ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بە ماڵپەڕی
فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆی ٥٢ کاندیدی پارتی بۆ
ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ١٧ کاندیدی ئافرهتی تێدایە، ئەوەش جێگەی ئومێدی
ئافرەتان و ژنانە، چونکە زۆرترین کاندید لە ھەموو دەڤەرەکان دیاری کراون، یەکێتیی
ئافرەتانی کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ سەرخستنی کاندیدە ئافرەتەکانی پارتی و
داوا لە دەنگدەرانی ئافرەت دەکەین بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن و دەنگیش بە کاندیدی
ئافرەت بدەن.''
سکرتێری
یەکێتیی ئافرەتان گوتیشی: "بەپێی یاسا لە عێراق ڕێژەی بەشداریی ئافرەت ٢٥%
دیاری کراوە، بەڵام ئێمە پلانمان ھەیە ڕێژەی ئافرەت زیاد بکرێت، بۆ نموونە لە
ھەرێمی کوردستان ڕێژەکە زیاد کراوە بۆ ٣٠% و ئێمە دەمانەوێ ڕێژەکە بگەیەنینە
نیوە، واتە ٥٠%ی ئافرەت بەشداری پێی بکرێت نەک ٢٥%ی ڕێژەی ئافرەت بێت.''
د. ڤیان
سلێمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "هەموو ئافرەتانی کاندیدی پارتی ساڵانێکە لە
بواری جیا جیادا خزمەت دەکەن و پسپۆڕی جیاوازیان تێدا ھەیە، چالاکیی یەکێتیی
ئافرەتان ھەمووی تەرخان کراوە بۆ پشتگیریی کاندیدانی ئافرەت، چونکە پێمان وایە ئافرەت
ڕۆڵی گەورە و کاریگەری ھەبووە لە کایەی سیاسی و نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگە،
بەتایبەتی بۆ بەرگریکردن لە مافی ئافرەت.''
لەبارەی
سەرکەوتنی کاندیدانی ئافرەتەوە د. ڤیان سلێمان دەڵێت: "پێشبینی دەکەین
زۆرترین کاندیدی ئافرەت بچنە پەرلەمانی عێراق و پشکی شێریش بەر کاندیدانی ئافرەتی
پارتی دەکەوێت، چونکە پارتی زۆرترین کاندیدی ئافرەتی ھەڵبژاردووە.''