چیرۆکی دایکانی من

ئافرەتە پێشەنگەكان
10/04/2022


لەناو كۆمەڵگای كوردیدا زۆرن ئەو دایكانەی ژیانیان پڕە لە چیرۆكی ڕاستەقینەی ئەفسانەیی، بە نموونە دایكە (فاتمە سوڵتان سەعید) دایكی خاتوو (پەریخان ساڵەح)، كە هاوسەر و خوشکی و 24 لە خزم و کەسوکاری ئەنفالن و بە چاوی پر چاوەڕوانی هاتنەوەی ئازیزانی، بەسەرهاتى پڕ نەهامەتى ژیانی بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە.

دایكە فاتمە دەڵێت، هاوسەرەكەم لە ماڵ هاتە دەرەوە و وتی، دەچم ئاژەڵەكان دەبەمە دەرەوە، بەڵام سەرباز دەوری كۆمەڵگەكەیان داوە، هەندێك پارەم پێبدە نەك بمانگرن، لەوكاتەدا جل و بەرگ و پەشمە بەرگوزی لە بەرکردو پێكەوە ڕۆیشتین بۆ سەرجادە و کورێکی تازە لەدایکبووشم لە باوەشم بوو، عەسکەر لەوێ هەموو پیاوەکانیان گرت و ڕاپێچیان كردن و ئێمەش لە (8)ی بەیانییەوە تاوەكو 4ی ئێوارە لەسەر شەقامەكە بووین و دیمەنی تراژیدیانەی ڕاپێچ كردنی پیاوەکانمان بەچاوی خۆمان بینی و پاشان ئێمەیان ئازادكرد، هاتینەوە ماڵەوە و جەلادەكان كارەبا و ئاویان لە ئێمەش بڕی و تا پێنج مانگ بەپێ دەڕۆیشتین بۆ ئاو کێشان و بە تەنەكە ئاومان دەكێشا.

دایكە فاتمە بە دیدەیەكی پڕ لە حەسرەت و هەڵكێشانی ئاهی قوڵەوە زیاتر وتی، دوای ڕاپێچكردنی پیاوەکانمان بە ڕۆژ کارمان دەکرد و شەوانیش منداڵەکانمان بەخێو دەكرد و چەندین شەو بە سكی برسی و بێ شام سەرمان دەنایەوە و منداڵەکانیش لە برسان بە گریانەوە چاویان لێك دەنا.

دایکە فاتمە باسی ژیانی پڕ لە ناسۆری دوای گرتن و ڕاپێچكردنی پیاوەکانیان دەكات و دەڵێت، پاشان باوکم هاتە قوشتەپە و ئێمەی هێنایەوە بۆ لێلوك و لەگەڵ ماڵی چوار براژنم و ماڵی مەتەکانم و هاوسەری کوڕی متەکانم هەموومان بەبێ پیاو ماینەوە و بۆ ئەوەی بژین، چواردە ساڵ لە چیاکان بووین قەزوان و مازی و کنگر و ڕێواسمان دەهێنا و دەمانفرۆشت، تەنها ڕۆژانی هەینی پشوومان دەدا.

دایکە دوای ئەنفالكردنی هاوسەرەكەی و كەسوكارەكەی کورێکیشی شەهید دەبێت و كوڕێكی دیكەشی جەڵتە لێیداوە و لەسەر عەرەبانەیە و خۆیشی لەگەڵ ئازاری چەندین نەخۆشی لەگەڵ دایكە پیرەكەی كە دوو كوڕی ئەنفالە پێكەوە لە ماڵێكی سارددا ساتەكانی ژیان بەڕێدەكەن.

Designed and developed by AVESTA GROUP