یەکێتی ئافرەتانی کوردستان جەژنی جیھانیی کرێکاران پیرۆز دەکات
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە یەکی ئایاردا، جەژنی جیھانیی کرێکاران، پەیامێکی بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەدا پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان بەتایبەت ئافرەتانی کرێکار و زەحمەتکێش دەکات.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ڕایگەیاندووە: "ئافرەتان دەتوانن ببنە باشترین دەستی ھێزی کار و ڕۆڵی بەرچاویان لەپێشخستنی ئابووری وڵاتدا ھەبێت."
دەشڵێت، "بەداخەوە وەک پێویست نەتوانراوە سودێکی باش لەتوانا و لێھاتوویی ئافرەتان وەربگیرێت و ژینگەی گونجاوی کارکردنیان بۆ برەخسێندرێت، بۆیە دەبینیین رێژەی بەشداری ئافرەتان لەبەرامبەر پیاوان کەمترە، ئەمەش کاریگەری لەسەر داھاتی خێزان و تاک دروستکردووە."
جەخت لەوەدەکاتەوە، "لەیەکی ئایاردا، وەک رێکخراوێکی داکۆکیکار لەمافی ئافرەتان، جەخت لەچەسپاندنی یەکسانی و پێدانی مافی راستەقینەی ئافرەتان لەشوێنی کارکردن دەکەینەوە."
باسی لەوەشکردووە، ئافرەتان لەگەڵ پیاوان جیاکاری لەنێوانیاندا نەکرێت، و لەبەرامبەر ئەرک و ماندووبونیان مافی شایستەی خۆیان پێبدرێت و رێز لە پێگەو رۆڵیان بگیرێت."
لە کۆتایدا، دووبارە ئەم رۆژە جیھانییە لە گشت کرێکارانی کوردستان پیرۆزدەکات و ھیوای سەلامەتی و ژیانێکی باشتریان بۆ دەخوازێت..
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
١ی ئایاری ٢٠٢٢