یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم پەیامێکی بڵاوکردەوە

کوردستان
12/05/2022

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەبۆنەی چل و ھەشتەمین ساڵیادی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم و ھەڤاڵانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

لە پەیامەکەدا هاتووە، "شەھید لەیلا قاسم سەلماندی خەباتی سیاسی و نیشتمانی پەیوەست نییە بەھیچ رەگەزێکەوە، بەڵکو ئافرەتانیش دەتوانن بوێرانە بەرگری لە ئینتیما و بیروباوەری خۆیان بکەن، ئەم ئازایەتیەی بووە رەمزی خەبات و کوردایەتی نەک ھەر بۆ ئافرەتان، بەڵکو بۆ تەواوی گەلی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئاستی جیھانیش بووە نموونەی ئافرەتی خەباتگێڕ و ئازا."

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "ڕێبازی پیرۆزى بارزانى بوو، ئافرەتێکی ئازادیخوازی وەک لەیلا قاسمی پێ گەیاند و فێری کرد کە دەبێت لەپێناو پاراستنی شکۆ و ناسنامەی نەتەوەییمان فیداکار بین و سڵ لەھیچ دوژمن و ستەمکارێک نەکەینەوە."

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:


ئەمڕۆ چل و ھەشت ساڵ بەسەر شەھیدبوونی لەیلا قاسم و ھەڤاڵانی تێپەڕدەبێت، لەسێدارەدانی لەیلا قاسم وەک ئافرەتێکی شۆرشگێر و بوێر؛ سیمبولی قارەمانێتی و نیشتمانپەروەری ئافرەتی کوردە بۆ خاک و وڵاتەکەی، و لەخەباتی نیشتمانییدا بووە پێشەنگ بۆ کچانی کوردستان.

شەھید لەیلا قاسم سەلماندی خەباتی سیاسی و نیشتمانی پەیوەست نییە بەھیچ رەگەزێکەوە، بەڵکو ئافرەتانیش دەتوانن بوێرانە بەرگری لە ئینتیما و بیروباوەری خۆیان بکەن. لەکاتێکدا لەیلا قاسم کەپەروەردە و گۆشکراوی رێبازی پیرۆزی بارزانی بوو بە ئازایەتی و گیانفیدایی خۆی توانی بەرەنگاری رژێمێکی ستەمکاربێتەوە ونەیتوانی ژیانی بندەستی و سەرشۆڕی قبوڵ بکات، ئەم ئازایەتیەی بووە رەمزی خەبات و کوردایەتی نەک ھەر بۆ ئافرەتان، بەڵکو بۆ تەواوی گەلی کوردستان و تەنانەت لەسەر ئاستی جیھانیش بووە نموونەی ئافرەتی خەباتگێڕ و ئازا.

بەشانازییەوە بەردەوامی بەو رێبازە پیرۆز و خەباتە نیشتمانییە دەدەین کە ئافرەتێکی ئازادیخوازی وەک لەیلا قاسمی پێ گەیاند و فێری کرد کە دەبێت لەپێناو پاراستنی شکۆ و ناسنامەی نەتەوەییمان، فیداکار بین و سڵ لەھیچ دوژمن و ستەمکارێک نەکەینەوە.ھەروەھا بۆ لەیلا قاسم و تەواوی ئەو ئافرەتانەی لەخەباتی نیشتمانییدا گەیشتونەتەوە پلەی شەھادەت، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە لەسەر رێبازەکەیان بەردەوام دەبین و خۆشەویستی و وابەستەبوونمان بە نیشتمانەوە، یەکێک دەبێت لەو بنەما و بەھا ھەرە گرنگانەی کە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کاری لەسەر دەکات. 

لەم یادە پڕ شکۆیەدا، دروود دەنێرین بۆ روحی بەرزەفڕی لەیلا قاسم و ھەڤاڵانی و سەرجەم شەھیدانی کوردستان، سەروەرییان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لەیاد. 

یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
١٢ی ٥ی ٢٠٢٢

Designed and developed by AVESTA GROUP